عوسمان محەممەد: مەسرور بارزانی وەزارەتی پێشمەرگەی ڕاسپاردووە بۆ زیادکردنی مووچەی پێشمەرگە

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات، مەسرور بارزانی پێداگرە لەسەر یەکگرتنەوە هێزەکانی پێشمەرگە و هاوکارییە دارییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان تاوەکوو مانگی ئەیلوولی 2026 بەردەوام دەبێت.
عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: مەسرور بارزانی پێداگری کرد بە خێرایی یەکەی 70 و 80 بچنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئێستا سێ ژمارەی بانکی بەناوی هێزەکانی پێشمەرگە هەیە، وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەکاری دەکات بۆ دروستکردنی فەرماندەیی 1 و2 دروستبکرێن، سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: نەمانی یەکەی 70 و 80، ئەرک و کارەکانییان دەگۆڕدرێت و لەگەڵ گۆڕینی سیستەمی سەربازی هەردووکیان و دوو فەرماندەیی حزبی نامێنن و دەچنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها کارمان لەسەر یەکخستنەوەی پەیکەربەندیی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، قۆناغە سەختەکەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە تێپەڕیوە و پرۆسەکە بەباشی بەڕێوەدەچێت و خواستی سەرۆک بارزانی و سەرۆک وەزیرانە بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ڕێککەوتنێک لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا دا هەیە تاوەکوو ساڵی 2026، ئەمەریکا هاوکار و هەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگەیە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
عوسمان محەممەد، گوتیشی: هیوایەکی زۆر هەیە، پێش وادەی دیاریکراو پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کۆتایی بێت، هاوکارییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانمان چەند جۆرێکە، لۆجستی، ڕاوێژ و لەگەڵ هاوکارییە دارایییەکان بۆ ئەفسەر و پێشمەرگەکان، تاوەکوو مانگی ئەیلوولی 2026 بەردەوام دەبێت، بەڵام هاوکارییەکانی دیکە بەردەوامی دەبێت.
هەروەها باسی لەوە کرد، هەفتەی داهاتوو شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەکات و سەرۆکی حکوومەت، وەزارەتی ڕایسپاردووە کار بۆ هاوتاکردنی مووچەی پێشمەرگە بکرێت.