شارەوانی هەولێر دوکاندارانی بازاڕی لەنگە ئاگاداردەکاتەوە پەردە هەڵنەواسن
شارەوانی هەولێر داوا لە کاسبکار و دوکاندارانی بازاڕی لەنگە دەکات، پێویستە لە کاتی داخستنی دوکانەکانیان، تەواوی شتومەک و کەلوپەلەکان ببرێنە ژوورەوە، بۆ سەلامەتی دوکاندارەکان و دوورکەوتنەوە لە ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، بەتایبەتی کە هەڵواسینی پەردە و قوماش لە دەرەوەی دوکانەکان دەتوانێت ببێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ دروستبوون و تەشەنەکردنی ئاگر.
زۆربەی کاسبکارانی بازاڕی لەنگە پابەندی ڕێنمایەکانن، بە دەگمەن دەبیندرێت پەردە هەڵواسرابێت، لێژنەکانی شارەوانی ڕۆژانە بەشێوەی مەیدانی ڕێنمایی دەدەن بە کاسبکارانی بازاڕەکە، دەستخۆشیش لەوانە دەکەن کە پابەندی ڕێنماییەکانن.
سەردار ستار، لێپرسراوی لادانی زیادەڕۆیی لە شارەوانی چوار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دەستخۆشی لەو دوکاندارانە دەکەین کە پابەندی ڕێنماییەکانن، بەڵام ئەوانەی پابەند نین چەند جارێک ئاگاداریان دەکەینەوە تا ئەوکاتەی بەخۆمان کەلوپەلەکانیان دەگوازینەوە ئەو شوێنەی بۆیان دیاریی کراوە، ئەگەر هەر پابەندیش نەبن ئەوە سزای دارایی دەدرێن.
ئەم بازاڕە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەند جارێک سووتاوە و هۆکاری سەرەکیشی زیادەرۆیی کردن بووە لەلایەن دوکانداران، بەڵام هەڵمەتەکانی لێژنەکانی شارەوانی تەواو کۆنتڕۆڵی دۆخەکەیان کردووە و دوکاندارانیش ئێستا زیاتر هەست بە بەرپرسیاریەتی دەکەن.
یاسین خدر، دوکاندارێکی بازاڕەکەیە و دەڵێت: ڕۆژانە شارەوانی ڕێنماییمان دەکات و پێمان دەڵێن پەردەی پێش دوکانەکان بەجێ مەهێڵن، ئەمەش بۆ سوودی ئێمەیە، چونکە ئەو بازارە لە 2018ەوە سێ جار سووتاوە.
ڕێباز محەممەد، دوکاندارێکی دیکەی بازاڕەکەیە و گوتی: ئێمە وەکوو دوکاندارانی بازاڕی لەنگە داوا لەسەرۆکایەتی شارەوانی دەکەین بەهیچ شێوەیەک ڕێگەنەدات دوکانەکان پەردە دابنێنەوە، چونکە ئەگەر یەک دوکان دووتا هەمو دەسووتێت.
هەڵمەتەکە بە ئامانجی پاراستنی سەر و ماڵی کاسبکارانە لە ڕووداوە نەخوازراوەکان و هۆیەکانی ئاگرکەوتنەوە و هەروەها رێکخستنەوەی سیمای بازاڕە لە ناڕێکی.