ئێران.. کەسێکی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ موساد لە سێدارە دا

ناوەندی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند، هاووڵاتییەکی ئێرانی بە ناوی بابەک شەهبازی، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ مۆساد، لە سێدارە داوە.
چوارشەممە، 17ـی ئەیلوول 2025، ناوەندی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ڕیگەیاند "دوای پرۆسەیەکی یاسایی و پشتڕاستکردنەوەی تاوانەکەی لە دادگای باڵای وڵات، سزای لەسێدارەدان بەسەر بابەک شەهبازیدا جێبەجێ کرا."
ئاژانسی هەواڵی ئیلنا، بڵاوی کردەوە "بابەک شەهبازی، کوڕی ڕەحم خودا، وەک بەڵێندەر لە بواری دیزاین و دانانی سیستەمی فێنککەرەوەی پیشەسازیدا کاری دەکرد و لەگەڵ چەندین کۆمپانیای سەر بە دامودەزگا مخابراتی، سەربازی و ئەمنییەکانی ئێراندا گرێبەستی هەبووە."
بەپێی زانیارییەکان، شەهبازی بەهۆی کارەکەیەوە زانیاری وردی لەسەر داتاسەنتەر و شوێنە هەستیارەکانی ئێران هەبووە و لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە و مافی مانەوە لە وڵاتێکی بیانی، ئەو زانیارییە گرنگانەی بە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (موساد) فرۆشتبوو.
شەهبازی، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵاتییەکانەوە لەگەڵ چوار ئەفسەری مۆساد بە ناوە خوازراوەکانی "شموئل"، "بنیامین"، "مایکل" و ئەفسەرێکی تەکنیکییەوە، گفتوگۆی کردووە و ڕاهێنانی پێویستی لە بواری پاراستنی زانیاری و پەیوەندی نهێنی و چۆنییەتی هەڵاتن لە کاتی مەترسیدا پێ کراوە.
پاش جەنگی 12 ڕۆژە، ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی ئێرانی و ئەفغان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.