وەزارەتی خوێندنی باڵا: هیچ وادەیەک بۆ کاراکردنی زانکۆلاین دیارینەکراوە

لەگەڵ ئەوەی ڕۆژی سێشەممە، 9ـی ئەیلوولی ئەمساڵ، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی ڕاگەیەنرا، بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکوو ئێستا ناو و ژمارەی دەرچووان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ڕەوانە نەکراوە.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: تاوەکوو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کاراکردنی زانکۆلاین دیارینەکراوە و تاوەکوو ناوی دەرچووانی پۆڵی 12مان پێ نەگات ناتوانین هیچ ئامادەکارییەک بکەین.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ گەیشتنی ناو و ژمارەی دەرچووانی پۆلی 12، دەستبە ئامادەکارییەکان دەکرێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا ئامادەکاری لەم بارەیەوە نەکراوە.
ئەمساڵ، 115 هەزار و 787 قوتابی بەشداریی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12یان کرد.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2025، ئەنجامی خولی دووەمی تاقیکردنەوەکانی پۆلی12 ڕاگەیەنرا.