کەمبوونەوەی ئاوی دیجلە بووەتە هۆی دەرکەوتنی شوێنەوارە دێرینەکان

بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووباری دیجلە، ژمارەیەک شوێنەواری مێژوویی و مەزارگەی کۆن لە دەوروبەری ناحیەی خانکێ جارێکی دیکە دەرکەوتوونەتەوە، کە مێژووەکەیان بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

دوای نزیکەی 40 ساڵ لە ژێرئاوکەوتنیان، مەزارگەی "شێخ محەممەد جندارە" یەکێکە لەو شوێنە پیرۆزانەی کە بەهۆی پاشەکشەی ئاوەوە دەرکەوتووەتەوە. ئەمەش وایکردووە کە بنەماڵەی شێخ سەعید دەشتی دەست بە نۆژەنکردنەوەی مەزارگەکە بکەنەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بیکەنەوە بە شوێنێکی ئایینی و خزمەتی زیارەتکاران بکەن.

سەعید شێخ دەشتی، مجێور، بە کوردستان24ی گوت: "ئەم مەزارگەیە لە باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە و ئێمە وەک بنەماڵەی شێخ زێدین و شێخ خالد، موجێوەری ئەم شوێنە بووین. ئەم مەزارگەیە لە ساڵی 1955 لەلایەن شێخ زێدین و شێخ خالدەوە نۆژەن کراوەتەوە، بۆیە کاتێک بینیمان دەرکەوتووەتەوە، بڕیارماندا جارێکی دیکە نۆژەنی بکەینەوە."

هاوکات، سعود شێخ دەشتی، مجێوەرێکی دیکە ئاماژەی بەوەدا، ئامانجیان لە نۆژەنکردنەوەی ئەم شوێنە ئەوەیە کە نەوەی نوێ بزانن ئەم جێگایانە لە کۆندا شوێنی خوداناسی و ڕێوڕەسمی ئایینی بوون و جەژن و بۆنەکانیان تێدا ئەنجام داوە.

جگە لەم مەزارگەیە، کەمبوونەوەی ئاو بووەتە هۆی دەرکەوتنی چەندین شوێنەواری دیکەی کۆن، لەوانە قەڵایەکی مێژوویی بە ناوی "قەڵای میر" و پاشماوەی شارستانیەتە دێرینەکان کە لەسەر کەناری ڕووبارەکە بوون. حەجی مەخسۆ، نووسەر و مێژووناس، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ناوچەیە لە کۆنەوە شوێنی شارستانیەت بووە و دۆزینەوەی ئەم پاشماوانە، لەوانە تەندووری کۆن و بەردی نەخشێنراو، گرنگییەکی مێژوویی زۆریان هەیە.

بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژانە ئاستی ئاوی ڕووباری دیجلە نزیکەی یەک مەتر کەم دەکات، ئەمەش وایکردووە کە شوێنەوارناس و خەڵکی ناوچەکە زیاتر گرنگی بەم دۆزینەوە مێژووییانە بدەن و هەوڵی پاراستن و نۆژەنکردنەوەیان بدەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment