وەزیری پلاندانانی ھەرێمی كوردستان: نابێ سەرژمێری بە سیاسی بکرێت

"دەبێت سەرژمێرییەكی راستەقینە ئەنجام بدرێت"

K24 - ھەولێر

حكومەتی ھەرێمی كوردستان داوا دەكات، سەرژمێری بە سیاسی نەكرێت و جەخت دەكاتەوە، دەبێت سەرژمێرییەكی راستەقینە ئەنجام بدرێت.

دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ وەزیری پلاندانانی عێراق رایگەیاند، ھەرێمی كوردستان پێی وایە دەبێت سەرژمێرییەكی راستەقینەی واقیعی لە سەرجەم عێراق بە ناوچە كوردستانییە كێشە لەسەرەكانیشەوە ئەنجام بدرێت و نابێت پرۆسەكە بە سیاسی بكرێت.

وەزیری پلاندانانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، گوتی: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا لەگەڵ وەزیری پلاندانانی عێراق، باسمان لە دۆخی زۆربەی ناوچەكان كرد بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری و ئەمان خستەروو، سەرژمێری دووربێت لە سیاسەت، بەڵكو لەسەر بنەمای بونیادنان و گەشەسەندنی وڵات بێت".

گوتیشی: "كۆبوونەوەكانمان بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی میكانیزمێك بدۆزینەوە كە سەرژمێری عێراق لەپێناو خزمەتكردن بێت بە ھەموو عێراق بە ھەرێمی كوردستانیشەوە، كە سەرژمێرییەكی راستەقینە بێت".

ئەمڕۆ پێنج شەممە 15/10/2020، د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی ھەرێمی كوردستان و خالید بەتال نەجم، وەزیری پلاندانانی عێراق بە ئامادەبوونی ژمارەیەك بەرپرسی ھەردوولا لە ھەولێر كۆبوونەوە و یەكێك لە پرسە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەكە ئەنجامدانی سەرژمێری بوو لە عێراق.

Fly Erbil Advertisment