لە سوودان زیاتر لە 12 هەزار کەس تووشی کۆلێرا بوون و 509 کەسیش گیانیان لەدەستداوە

تەندروستی سوودان بڵاوی کردووەتەوە،  125 حاڵەتی نوێی تووشبوون بەنەخۆشی کۆلێرا و نۆ حاڵەتی گیانلەدەستدانیان تۆمارکردووە.

پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، بەرپرسانی تەندروستی سوودان ڕایانگەیاند، 125 حاڵەتی نوێی تووشبوون بەنەخۆشی کۆلێرا و نۆ حاڵەتی گیانلەدەستدانیان تۆمارکردووە، بەمەش کۆی گشتیی تووشبووانی پەتای کۆلێرا لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکە بۆ 12 هەزار و 186 کەس بەرزبووەتەوە، هەروەها 509 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

زۆرترین توشبوو لە ناوچەکانی جەبەل مەرە، نێرتیتی، توور، گیلدۆ و گوندەکانی دەوروبەری، ڕۆکێرۆ، ڕۆژهەڵاتی جەبەل مەرە، زالینگی، تەویلە و نیالا تۆمار کراوە.

تەندروستی سوودان ئەوەشی ئاشکرا کردووە، پێداویستییە پزیشکییەکان زۆر کەمی کردووە، ڕێکخراوە مرۆییەکان، خۆبەخشە ناوخۆییەکان، بەرپرسان هەوڵی بەرچاو دەدەن بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا.

جەختیشیان کردووەتەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و بەدخۆراکیی منداڵان و برسیەتی، کە مەترسی لەسەر ژیانی هەزاران کەس دروستکردووە، قەیرانی مرۆییش لەو وڵاتەدا بەهۆی شەڕەوە زۆر قوڵتر بووەتەوە.

ڕێکخراوە ناوخۆییەکان داوای دەستوەردانی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە تەندروستییە کە کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە و ئاوارەکانی سوودان هەیە.

لە 15ی نیسانی 2023ەوە، شەڕی سوودان لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا، بەهۆیەوە دەیان هەزار کەس کوژراون و بڕیندار بوون، زیاتر لە هەشت ملیۆن کەس ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوونە، برسیەتیش تەنگی بە دانیشتووان هەڵچنیووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment