چارەنووسی ئەو هاووڵاتییەی شەوی ڕابردوو لەلایەن داعشەوە ڕفێندرا دیارنییە

شوێنی ڕووداوەکە
شوێنی ڕووداوەکە

تاوەکوو ئێستا چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕافێندراوە نادیارە و هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی ڕووداوەکەن و لێکۆڵینەوەکان لەسەر ڕووداوەکە بەردەوامن.

هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24، ئەمڕۆ هەینی 19ـی ئەیلوولی 2025، ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو لە گوندی زەردک و بیبانییە لە سنووری پردێ دوو هاووڵاتیی لە گوندی شوانەوە هاتوونەتە ئەو شوێنە، بەڵام کەوتووەنەتە بۆسەیەکی چەکدارانی داعش و بەهۆیەوە کەسێکیان ڕفاندووە، کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندار دەکرێت.

پەیامنێری کوردستان24، گوتیشی: کەسوکاری هەردوو هاووڵاتییەکە هاتووەنەتە شوێنی ڕووداوەکە و و هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی ڕووداوەکە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە دەکەین.

لەلای خۆیەوە، هاووڵاتییەکی گوندی زەردک بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: جموجۆڵی داعش لەو سنوورە زۆرە، هەروەها ژمارەیەکی زۆری عەرەبی هاوردە لێرەن و شەوان هاتوچۆ دەکەن کەس لێ پرسینەوەیان لەگەڵ ناکات.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەمەش ترسێکی زۆری لەلای ئێمە دروستکردووە، تەنانەت وای لێهاتووە بە چەکەوە بسوڕێینەوە.

شایتەحاڵێک بۆ کوردستان24 گوتی: دوای بچرانی کارەبا ئەو دوو هاووڵاتییە ویستوویانە مۆلیدەیەکی کارەبا بهێنن، لەو ڕێگەیە چەکداران ڕیگریان لێکردبوون، دوای ئەوەی زانیمان گەڕاینەوە شوێنەکە و چەکدارەکان جلوبەرگی سەربازییان لەبەردابووە و بە عەرەبی قسەیان کردووە و ژمارەیان چوار کەس بووە.

شەوی ڕابردوو لە سنووری پردێ دوو هاوڵاتیی کورد دەکەونە بۆسەیەکی چەکدارانی داعش لەو سنوورە و یەکێکیان بە سەختی بریندار دەبێت و لە نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکووک لەژێر چاودێری چڕی پزیشکە و ئەوەی دیکەیان ڕفێندراوە و تاوەکوو ئێستا چارەنووسی نادیارە. 

 

 
 

Fly Erbil Advertisment