ئایدن مەعروف: "شنگال لەلایەن گرووپە نایاساییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت"
ئەو رەوشە لەلایەن خەڵکی ئێزدیەوە قبوڵکراو نییە

K24 – ههولێر:
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف رایگەیاند، شنگال لەلایەن گرووپە نایاساییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت و گوتی: "ئەو رەوشە لەلایەن خەڵکی ئێزدیەوە قبوڵکراو نییە".
ئایدن مەعروف لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵی رهسمی توركیا هەڵسەنگاندنی بۆ رێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە لە نۆی تشرینی یەکەمدا واژووکراو و ئەوەی بیرهێنایەوە، کە لە ساڵی 2014دا لە دوای داگیرکردنی شنگال لەلایەن رێکخراوی داعشەوە زۆربەی دانیشتوانەکەی دەربەدەربوون و بە ناچاری کۆچیان کرد بۆ شارەکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی و شارەکانی دیکەی عێراق.
ئایدن مەعروف باسی لەوە کرد، وەک وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیکەوە چاودێری رەوشی ئێزدییەکان دەکەن کە لە کەمپەکاندا، ژیانێکی سەخت بەڕێدەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنی شنگال لەنێوان هەولێر و بەغدا زۆر گرنگە و گوتی: "رێککەوتنی شنگال کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی بەغدا - هەولێر. بەرپرسیارێتی ئێزدی، تورکمان، مەسیحی و نەتەوەکانی دیکە کە لەوێ دەژین لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقدایە".
گوتیشی: ''شنگال لەلایەن گرووپە نایاساییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەو رەوشە لەلایەن خەڵکی ئێزدیەوە قبوڵکراو نییە. دوای ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال زیاتر لە 100 هەزار ئێزدی کە لە کەمپەکاندا دەژین، دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان، هەروەها ناوچەکە کە دوای پێکدادانەکان وێران بووە پێویستی بە گەشەپێدانە".
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف هەروەها رایگەیاند، "لەم قۆناغەدا بابەتی هەرە گرنگ دامەزراندنی ئیدارەیەکی هاوبەشە لەنێوان بەغدا و هەولێر کە لە خەڵکی شنگال پێکبێت. کێشەی بەرچاوی خەڵکی ناوچەکە، ئاسایش و سیاسییە".
روونیشیكردهوه، دوای ئاساییکردنەوەی رەوشەکە و پێکهێنانی ئیدارە لە خەڵکی ناوچەکە پێویستە گرووپە نایاساییەکان بکشێنەوە و گوتی: "گرووپە نایاساییەکانی ناوچەکە رێگرن لە گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان کە بەناچاری کۆچیان کردووە. ئەو رێککەوتنە ئەو رێگریانە هەڵدەگرێت".