نه‌عیم قاسم له باره‌ی ئیسرائیله‌وه، ترس و دڵه‌ڕاوكێ ده‌خاته دڵ و ده‌روونی به‌رپرسانی عێراق

له كوردی ده‌گوترێت، ئه‌گه‌ر دراوسێكه‌ت مرد، نۆره‌ی تۆش دێت. ئه‌مه ڕێك په‌یامی ئه‌مینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان بوو، ئاراسته‌ی عێراق و چه‌ند وڵاتێكی ناوچه‌كه‌ی كرد، كه ئیسرائیل سێره‌ی لێ گرتوونه و یه‌ك له دوای یه‌ك به ئامانجیان ده‌گرێت. ئه‌مینداری گشتیی حزبوڵڵا به‌م په‌یامه‌ی ترس بۆ حكوومه‌تی عێراق و سه‌رانی سیاسی و گرووپه چه‌كداره نه‌یاره‌كانی له‌و وڵاته دروست ده‌كات و وایان لێ ده‌كات، هێنده حه‌زه‌ریان هه‌بێت، گومان له سێبه‌ری خۆیان بكه‌ن.
ماوه‌ی دوو ساڵه ئاڵۆزییه‌كی زۆری ته‌ناهی له ناوچه‌كه له دوای هێرشه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی بۆ سه‌ر ئیسرائیل له 7ـی ئۆكتۆبه‌ری 2023 به‌رپا بووه و ئیسرائیل به ئاسانی له لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكاشه‌وه به‌رزه‌فت ناكرێت و ڕووبه‌ڕووی هه‌موو ئه‌وانه بووه‌ته‌وه و ده‌بێته‌وه كه لایه‌نگیری و هاوسۆزییان بۆ حه‌ماس هه‌یه.
ئیسرائیل دوای چه‌ند ڕۆژێك له هێرشه‌كانی حه‌ماس بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی، هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر بزووتنه‌وه‌كه له كه‌رتی غه‌ززه ده‌ست پێكرد و سه‌رانی سیاسی و سه‌ربازیی حه‌ماسی له ناو كه‌رته‌كه و ده‌ره‌وه به ئامانج گرت و به‌شێكیانی كوشت، ئه‌مه جگه وێرانبوونی كه‌رته‌كه و ئاواره‌بوون و بێشوێنبوونی دانیشتووانه‌كه‌ی.
حزبوڵڵای لوبنان دوای ماوه‌یه‌ك له هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ غه‌ززه، پشتیوانی خۆی بۆ حه‌ماس و غه‌ززه ده‌بڕی و دوور و نزیك له شه‌ڕه‌كه تێوه‌گلا و له ئه‌نجامدا ئیسرائیل، حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا، ئه‌مینداری گشتیی ئه‌و حزبه‌ی به ئامانج گرت و پێشتریش و دواتریش چه‌ندین سه‌ركرده‌ی دیكه‌شی لێ كوشت. هه‌روه‌ها گرووپه چه‌كداره هاوپه‌یمانه‌كانی حزبوڵڵا و حه‌ماسی له سووریا و یه‌مه‌ن و عێراقیش به ئامانج گرت و له‌گه‌ڵ ئێرانیش جه‌نگیی دوازده ڕۆژه‌ی به‌رپا كرد و له‌م ڕۆژانه‌ش به‌شێك له سه‌ركرده‌كانی حه‌ماس كه پلانی هێرشه‌كانی حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ریان بۆ سه‌ر ئیسرائیل داڕشت بوو، له ناو ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر كرده ئامانج، به‌ڵام وه‌كوو حه‌ماس ڕایگه‌یاندووه، قورتاریان بووه.
په‌تای ململانێكانی ناوچه‌كه له نێوان ئیسرائیل و نه‌یاره‌كانی تا دێت ترسی فراوانبوون و بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری لێ ده‌كرێت، به شێوه‌یه‌ك ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 19ـی ئه‌یلوولی 2025، نه‌عیم قاسم، ئه‌مینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان له ساڵیادی كوژرانی حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د سه‌برا، فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ی ڕه‌زوانی سه‌ر به حزبوڵڵای لوبنان له لایه‌ن ئیسرائیله‌وه هۆشداری دا كه ئیسرائیل دوای ئه‌وه‌ی له ناو ده‌وحه ده‌ستی بۆ سه‌رانی حه‌ماس برد و سنوور و سه‌روه‌رییه‌كانی قه‌ته‌ری به‌زاند، ئاماده‌یی تێدایه بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی كه به‌دیهێنانی ئیسرائیلی گه‌وره‌یه، ده‌ست بۆ عێراق، سعوودیه، ئوردن و میسریش ببات.