پەیامنێری کوردستان24: بەر لە ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتنی سێقۆڵی لە نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت واژۆ دەکرێت

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتنی سێقۆڵی لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت دەکرێت.
شەممە 20ـی ئەیلوولی 2025، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی نەوت بە پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا گوت: لەم هەفتەی کۆبوونەوەی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت لە بارەی ڕێککەوتنی نێوانیان دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، بە ئەگەرێکی زۆر ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتنی سێقۆڵی لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت دەکرێت، چونکە دەبێتە بەر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەو ڕێککەوتنە واژۆ کرابێت و ئەنجوومەنی دەوڵەتیش وەڵامی خۆی تایبەت بە پرسی داهاتی نانەوتی دابێتەوە.
هەروەها وەزارەتی نەوتی عێراق وەڵامی خۆی بە ئەرێنی بۆ نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئامادە کردووە، کە سێشەممەی ڕابردوو ئاراستی وەزارەتەکە کرابوو، بۆ ئەوەی بدرێتە لیژنەیەکی ڕاوێژکاری سەبارەت بە گرێبەستە نەوتییەکان.
پەیامنێری کوردستان24 زانیویەتی: وەزارەتی نەوتی عێراق ڕەزامەندی لەسەر واژۆکردنی گرێبەستە نەوتییەکان پیشان داوە، بۆ ئەوەی بچنە واری جێبەجێ کردنەوە؛ بەمەش هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەنیا لەسەر کات و واژۆ کردنی ئەو گرێبەستانە ماوە.
گوتیشی: کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ڕازیبوونە؛ بەشێوەیەک لە 233 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراو، 150 هەزار بەرمیل ئەو کۆمپانیایانە بەرهەمی دەهێنن و 50 هەزار بەرمیلیش بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاردەهێنرێت، هەروەها ئەگەر ڕێککەوتنەکە بکرێت نزیکەی 100 هەزار بەرمیل دەدرێتە کۆمپانیای سۆمۆ، ئەوەیش خۆی بۆ پێداویستی ناوخۆ یان بۆ هەناردەکردنی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بەکاری دەهێنن.
لەبارەی ڕاوێژی یاسایی ئەنجوومەنی دەوڵەت پەیامنێری کوردستان24 گوتی: وەڵامی ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەیوەستە بە ڕێککەوتنی سێقۆڵی، چونکە بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی دەوڵەت، وەڵامی خۆیان واژۆ کردووە و ئامادەیە. دەشڵێت، ئەگەر ڕێککەوتنی سێقۆڵی بکرێت و ئەنجوومەنی دەوڵەت وەڵامی خۆی بداتەوە، ئەوا لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت.