ماکرۆن:داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین، حەماس گۆشەگیر دەکات

سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، بە ڕاگەیاندنی نیازپاکیی خۆی بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا، سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی گەورەی بەدەست هێنا. بەڵام بە گوتەی شیکاران، ئەم هەنگاوە مەترسیی تۆڵەسەندنەوەی تاڵی ئیسرائیلی لێ دەکەوێتەوە و لە هەمان کاتدا سوودێکی گشتگیری بۆ فەڵەستینییەکان نابێت.
وا بڕیارە ماکرۆن، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، لە وتارێکدا، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بڕیارەکەی ڕابگەیەنێت. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی کۆشکی ئێلیزێ، نۆ دەوڵەتی دیکەش، لەوانە ئوسترالیا، بەلجیکا، کەنەدا و شانشینی یەکگرتوو، هاوشان لەگەڵ فەرەنسادا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێن.
ئەم دانپێدانانە، نیشانەی زیادبوونی ناڕەزایی نێودەوڵەتییە بەرانبەر بە هێرش و گەمارۆکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، کە لە وەڵامی هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023ی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێ کرد.
لێکەوتەکانی ئەم هەنگاوە مێژووین؛ فەرەنسا و شانشینی یەکگرتوو دەبنە یەکەم ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێن و لەگەڵ کەنەدا، دەبنە یەکەم ئەندامانی گرووپی حەوت (G7) کە ئەم کارە دەکەن.
پاسکال کۆنفاڤرۆ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، گوتی: ئەم دانپێدانانە کۆتایی هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان نییە. دانپێدانانێکی ڕەمزی نییە. بەڵکو بەشێکە لە هەنگاوێکی فراوانتر و زۆر گشتگیر." کۆنڤاڤرۆ، ئاماژەی بە نەخشەڕێگەی فەرەنسی-سعودی کرد کە بڕیارە هاوشان لەگەڵ دانپێدانانەکەدا بێت.
ماکرۆن، ئەم هەفتەیە لە تەلەڤزیۆنی ئیسرائیل بەرگری لەم هەنگاوە کرد و گوتی "باشترین ڕێگەیە بۆ گۆشەگیرکردنی حەماس."
سەرۆکی فەرەنسا، ڕۆژی شەممە، لە نامەیەکدا بۆ جووەکانی فەرەنسا، کە سەرکردەکانی کۆمەڵگەکەیان پێیانوایە ئەمە کاتێکی هەڵەیە بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا، لە تۆڕی ئێکس (X) نووسیویەتی "داوام لە دەسەڵاتی دادوەری کردووە هەڵوێستی بەرانبەر دژایەتیی جوولەکە و شێوازە نوێیەکانی ئەو دژایەتییە، باشتر بکات."