ئەمساڵ گۆڕانکاری لە باخچەی ساوایان تا پۆلی 12 ـی ئامادەیی کراوە
ئەمساڵ گۆڕانکاری گەورە لە پرۆگرامی خوێندن کراوە لە قۆناغی باخچەی ساوایان تا دەگاتە پۆلی 12ـی ئامادەیی.
گۆڕانکارییەکان بەجۆرێکن یەکەمجارە لە مێژوویی وەزارەتی پەروەردە گۆڕانکاریی لەو شێوەیە بکرێت، تا ئێستا گۆڕانکاری لەوشێوەیە لە کەرتی پەروەردەی عێراقیش نەکراوە.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە 25 ملیار دیناری بۆ چاپکردنی پەرتووک بۆ ساڵی نوێی خوێندن تەرخان کردووە.
جگە لە گۆڕانکاری لە ناوڕۆک و پڕۆگرامی خوێندن گرنگیش بە کوالێتییان دەدرێت، لیژنەیەکی تایبەتمەند سەرپەرشتی چاپکردنی کتێبەکانی کردووە.
مامۆستا زاگرۆس مەحموود، بەڕێوەبەری بەشی چاپ لە بەڕێوبەرایەتی پڕۆگرامەکان، بە کوردستان24ـی گوت: ئێمە گرنگیمان بە سێ خاڵی سەرەکی داوە، یەکەمیان کەمکردنەوەی تێچوو، دووەم باشترکردنی کوالێتی، سێیەمیان کاتی پێویست، واتە لە کاتیی پێویست بگاتە دەستی قوتابی. خۆشبەختانە وەزارەتی پەروەردە کە گرێبەستی لەگەڵ ئەو کۆمپانیانە کردووە، دابەشکردنەکەش لە چاپخانەوە یەکسەر بۆ وەزارەتی پەروەردەیە بە پەروەردەی شارو شارۆچکەکانەوە.
لەسەر بنەمای زانستی و پەروەردەیی، گۆڕانکاری لە 407 کتێبی پرۆگرامی خوێندن کراوە، سەرجەم کتێبە چاپکراوەکانیش کارە هونەری و کارگێڕییەکانی لەلایەن مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراون، بۆ ئەمساڵی خوێندنیش، گۆڕانکاری لە51 کتێبی پرۆگرامەکانی خوێندن کراوە.
ژیار ئیسماعیل، بەرپرسی بەشی پڕۆگرامەکان دەڵێت: لیرە هەر پرۆگرامێک دادەنێین وەرگێرانی بۆ دەکەین بۆ هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی، دواتر عەرەبی، ئینگلیزی، سریانی و تورکمانی هەموو ئەمانە وەرگێرانیان بۆ دەکەین، ئەوە یارمەتی دەر دەبێت بۆ ئەوەی ئەوانیش بێبەش نەبن لەو پرۆگرامە نوێیانەی کە هەیە و لە قوتابخانەکانی خۆیان دەیخوێنن.
سەباح ساڵح بەننا، بەڕێوبەری گشتیی خوێندنی تورکمانی و سریانی لە وەزارەتی پەروەردە گوتی: خوێندن لە قوتابخانە تورکامنی و سریانییەکان، هەر هەمان پرۆگرامی خوێندنی کوردییە، بەڵام وەرگێردراوەتە سەر زمانی تورکی و سریانی، ئەوە دەرفەتێکە بۆ ئێمە و ئەو پێکەوە ژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە لە هیچ شوێنێکی جیهان وەک ئێرە نییە. ئەوە بۆ ئەو قوتابیانەی ئێمەیە بۆ ئەوەی بتوانن بە زمانی دایکی خۆیان درێژە بە خوێندنیان بدەن، شانبەشانی قوتابخانەکانی دیکە قوتابیانی ئێمەش بەسەرکەوتووی خوێندنی خۆاین تەواو دەکەن.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 50 قوتابخانەی سریانی و18 قوتابخانەی تورکومانی هەیە کە بە زمانی خۆیان و مامۆستای تایبەتی خۆیان دەخوێنن. ئازادی خوێندن بە زمانی دایک یەکێکە لە ستراتییژی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان کە وەزارەتی پەروەردە پەیڕەوی دەکات.