سەرکردەیەکی خۆکوژی داعش لە کەرکووک کوژرا

خۆکوژەکە پشتێنێکی بۆمبڕێژکراوی بەستووە

 K24 - هەولێر

خۆکوژێکی داعش، کە سەرکردە بووە لەو گرووپە، لە سنووری پارێزگای کەرکووک لەلایەن دژەتیرۆری عێراقەوە کوژرا.

شەوی رابردوو، (16-10-2020) دەزگای دژەتیرۆری عێراق لەڕێگەی توویتەری فەرمییەوە رایگەیاند "هێزێکی تایبەتی دەزگای دژەتیرۆر لە ئۆپەراسیۆنێکدا سەرکردەیەکی خۆکوژی داعشی کوشت".

دژەتیرۆری عێراق ئاشکرای کردووە "ئەو خۆکوژە، پشتێنێکی بۆمبڕێژکراوی بەستووە و لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا کە لەڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە ئەنجامدراوە (تیمێکی دژەتیرۆر) بە پەت لە هەلیکۆپتەرەکەوە هاتوونەتە خوارەوە بۆ دۆڵی شای لە پارێزگای کەرکووک. پاڵەوانەکانمان توانیان دوای چوونە ناو ئەو توونێلەی تێیدا خۆی شاردبووەوە، بیکوژن".

لە راگەیەندراوەکە زانیاری لەبارەی ناسنامەی خۆکوژەکە، هەروەها کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام ئەوە ئاشکرا کراوە سەرکردەکەی داعش لەنێو توونێلەکەدا پشتێنی بۆمبڕێژکراوی بەستووە.

ناوچەی دۆڵی شای کە ئۆپەراسیۆنەکەی تێدا ئەنجامدراوە، دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای داقووق، 40 کیلۆمەتر لە باشووری شاری کەرکووک. هەرچەندە زۆرجار ئۆپەراسیۆن لەو ناوچەیە ئەنجامدراون، بەڵام هێشتا ژمارەیەک چەکداری داعش لە ناوچەکەدا ماون.

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment