دەستەی مافی مرۆڤ: گیراوانی لالەزار تەندروستییان باشە

شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی گرتوخانەی کانی گۆمی و هۆتێل لالەزاریان کرد و ئاماژەیان بەوە کرد، تەندروستی بەندکراوەکان باشە.

ڕۆژی یەکشەممە ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بڵاویکردوە، شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی گرتوخانەی کانی گۆمەیان کرد لەشاری سلێمانی و بەجیا سەردانی هەریەک لە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگیان کرد.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کردووە، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی بەتەنیا لەژوورێک زیندانین و بەگشتیی تەندروستی سەرجەم زیندانیان باشەو کەسوکاریان سەردانیان دەکەن و ئەوانەی داوای پارێزەریان کردووە بۆیان دابین کراوە، ئەوەی داوای نەکردوە بەئارەزووی خۆی ڕەتی کردووەتەوە و هەروەها ڕێگە بە تەلەفۆن کردنیش دراوە بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ کەسوکاریان بکەن.

دەستەکە باسی لەوە کردووە، ئەو زیندانیانەی لەڕووداوەکانی لالەزار دەستگیرکرابوون پێشتر لەدژە تیرۆر بوون گوازراونەتەوە بۆ زیندانی ئاسایشی کانی گۆمە ژمارەیان زیاترە لە 200 زیندانی .

هەروەها ئەمەمەشی خستووەتەڕوو، لەدوای ڕووداوەکانی شەڕی لالەزارەوە تاوەکوو ئێستا کەیسەکان یەکلانەکراونەتەوە بۆیە زیندانیان داوای یەکلاییکردنەوەی و جیاکردنەوەی کەیسەکانیان دەکەن بەڕێگای دادگا ولەکاتێکی دیاری کراودا.

درەنگانی شەوی پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، هێزێکی زۆری یەکێتی کە پێکهاتبوون لە (کۆماندۆ، ئاسایش و دژەتیرۆر) بەرەو لالەزار شوێنی نیشتەجێبوونی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل جوڵەی پێ کرا و چواردەوری شوێنەکەیان گەمارۆ دا.

بەرەبەیانی هەینی 22ـی ئابی 2025،  شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی یەکێتی و هێزی دووپشکی سەر بە لاهور شێخ جەنگی ڕوویدا، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندی چەکداری کە بۆماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا سێ ئەندامی هێزەکانی یەکێتی کوژراون و 19ـی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی براشی دەستگیر کران.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment