لە هەفتەیەکدا 128 بوومەلەرزە ئێرانی هەژاندووە

دامەزراوەی بوومەلەرزەزانی زانکۆی تاران ڕایگەیاند، لە هەفەی ڕابردوودا 128 بوومەلەرزە بە پێوەری جیاواز لە سەرتاسەری ئێران تۆمارکراون و بەشێکیان لەو پلێتەی زەوییەوە بووە لە سعوودییەوە بەرەو ئێران درێژ بووەتەوە.

بە گوێرەی تۆمار و ڕاپۆرتەکانی دامەزراوەی زانکۆی تاران لە 13 تاوەکوو 19ی ئەم مانگە 128 بوومەلەرزە لە سەرتاسەری وڵاتەکە تۆمارکراون، بەراورد بە هەفتەی پێشووتر پێنج بوومەلەرزە کەمی کردووە.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئێران بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە سەر هێلی کەمەرەیی ئالپ – هیمالایا، بە یەکێک لە وڵاتە پڕ بوومەلەرزەکانی جیهان هەژمار دەکرێت.

 هاوکات ئەو پلێتەی زەوی لە سعوودیەوە بەرەو ئێران درێژبووەتەوە، هۆکاری سەرەکییە لە کاریگەرییەکانی ڕوودانی بوومەلەرزە، چونکە پلێتەکە بە بەشێک لە ناوچە خز و داترازراوە پڕ مەترسییەکانی جیهان ناسراوە.

هەر بە گوێرەی تۆمارەکان، هێزی 19 بوومەلەرزە لە 3 تا 4 پلەی ڕێختەر بوون، چوار بوومەلەرزەی دیکەش هێزەکەیان لە 4 تا 5 پلە بووە، تەنیا لە شاری ئۆشترینان لە پارێزگای لۆرستان بوومەلەرزەیەک بە هێزی 5 پلەی ڕێختەر تۆمارکراوە، ئەمەش بەهێزترین بوومەلەرزە بووە لەو هەفتەیە تۆمارکرا بێت.

هەروەها ئاماژەیداوە، زۆرترین بوومەلەرزە لە سنووری پارێزگای کرمان تۆمارکراوە کە 17 بوومەلەرزە بووە، دوای ئەم پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی و خۆراسانی باکوور هەر یەکە بە 13 بوومەلەرزە، لە پلەی دووەم و سێیەم دێن، بەڵام بە کۆی گشتی بوومەرلەزەکان لە 21 پارێزگای ئێران تۆمارکراون.

 
Fly Erbil Advertisment