لە شەش کاتژمێردا 100 بوومەلەرزە تورکیای هەژاند

لە ماوەی شەش کاتژمێردا 100 بوومەلەرزەیە بە هێز و پێوەری جیای ڕێختەر چەند ناوچەیەکی تورکیای هەژاند و لە چەند شارێکیش خەڵکی هەستیان پێکردووە  82%ی بوومەلەرزەکانیش لە ناوچەی سندرگی سەر بە شاری بالکئەسیر تۆمارکراوە.

ئاژانسی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) بڵاوی کردەوە، لە کاتژمێری 02:05 خوولەکـەوە تاوەکوو 08:33 خوولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 22ی ئەیلوولی 2025، لە چەند شارێکی تورکیا 100 بوومەلەرزە بە گوڕی جیا جیا ڕوویداوە، بەڵام بەهێزترینیان کاتژمێر چوار و 19 خوولەک و 59 چرکەی بەرەبەیان بوو، کە گوڕەکەی 4.8 پلەی ڕێختەری بوو، لە دەریای ئیجەی داوە.

هەر بە گوێرەی تۆمار و ڕاپۆرتی ئافاد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، تەنیا لە ناوچەی سندرگی بالکئەسیر 82 بوومەلەرزە تۆمارکراوە، لە سنووری دەریای سپی و چەند شارێکی دیکەش بوومەلەرزە بە گوڕی جیاواز تۆمارکراوە، لە نێویاندا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.3 پلەی ڕێختەر شاری هاتای هەژاندووە.

لە مانگی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 7.5 و  7.8 ڕێختەر لە نزیکەی دوو خوولەک باشووری تورکیا و باکووری ڕۆژئاوای سووریای هەژاند و لە ئەنجامدا زیاتر لە 55 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 107 هەزار کەسیش بریندار بوون و بە کارەساتی سەدە ناوبرا.

 

 

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment