پەرلەمانی کوردستان ئیدانەی سوتاندنی ئاڵای کوردستان و بارەگای پارتی لە بەغدا دەکات

"ئەنجامدەرانی بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن"

K24 - ھەولێر

 پەرلەمانی كوردستان لەبارەی سوتاندنی ئاڵای كوردستان و بارەگای لقی پارتی لە بەغدا رایدەگەیەنێت "وێڕای بە توندی شەرمەزارکردنی ئەو پەلامارە و سوتاندنی ئاڵای کوردستان، داوا لە حکومەت و پەرلەمانی فیدراڵی دەکەین ئەنجامدەرانی بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن".

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە: "پەرلەمانی كوردستان داواکارە حکومەتی فیدرالی رێگا نەدات ھێزێكی  یاخی و لە یاسا دەرچوو، زیان بە پێکەوە ژیان و بنەماکانی دەستورو رەنگاڵەیی و فرەیی نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبی عێراق بگەیەنێت".

دەقی راگەیەندراوی پەرلەمانی كوردستان:..

 ئەمرۆ ١٧ ی ١٠ ی ٢٠٢٠، ھێزێکی لە یاسا یاخی پەلاماری بارەگای لقی ٥ ی پ.د. ک یان دا کە خاوەنی گەورەترین فراکسێۆنی پەرلەمانیە لە پەرلەمانی کوردستان و لە کاتی ئەو پەلامارەشدا، ئاڵای پیرۆزی کوردستان سوتێنرا. وێڕای بە توندی شەرمەزارکردنی ئەو پەلامارە و سوتاندنی ئاڵای کوردستان کە سومبولی گەلی کوردستانەو لە سایەیدا رۆڵەکانی گەلەکەمان خوێنی خۆیان کردە قوربانی بۆ ئازادی و دیموکراسی و سەرفرازی، داوا لە حکومەت و پەرلەمانی فیدراڵی دەکەین بە دواداچوون بۆ ئەم کارە نایاساییە دوور لە ھەموو عورفێکی سیاسی و گیانی پێکەوە ژیانە بکەن و ئەنجامدەرانی بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن. بیانوی پەلاماردەران ھەرچیەک بووبێت، رێگای دیکەی مەدەنی و میدیایی و سیاسی و پەرلەمانی ھەبوو بۆ وەڵامدانەوە.

 پەرلەمانی کوردستان وەکو نوێنەرایەتی شەرعی تەواوی خەڵکی کوردستان وێڕای دووبارە دەربڕینی نیگەرانی زۆری خۆی لە ئاست ئەم رووداوە نەخوازراوە، داواکارە حکومەتی فیدرالی رێگا نەدات ھێزێكی  یاخی و لە یاسا دەرچوو، زیان بە پێکەوە ژیان و بنەماکانی دەستورو رەنگاڵەیی و فرەیی نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبی عێراق بگەیەنێت.

 بەرزو شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان

 پەرلەمانی کوردستان

 ١٧ ی ١٠ ی ٢٠٢٠

Fly Erbil Advertisment