راگەێیندراوێك لەوەزارەتی پێشمەرگەوە

"ئێمه‌ وەك هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەهەموو ئان و ساتێکدا، پارێزەری خاك و ئاڵای پیرۆزی کوردستانین"

K24- هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌سه‌ر زاری شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پیشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سووتاندنی ئاڵای كوردستان و هێرشكردنه‌ سه‌ر باره‌گای پارتی دیموكراتی كوردستان له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ری له‌یاساده‌رچوو له‌ شاری به‌غدا به‌ توندی ئیدانه‌ كرد، وه‌زیری پیشمه‌رگه‌ داواشی له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی كرد، لێکۆڵینەوەی جددی لەوبارەیه‌وە بکەن و رێگری لەو جۆرە  پێشێلکارییانە بکەن.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌:

سووتاندن و بێڕێزی کردن بەئاڵای پیرۆزی کوردستان، کە سەدان و هەزاران پێشمەرگەی قارەمان و خەباتگێڕ و تێکۆشەری ئەم نەتەوەیە، لە ژێر سێبەرەکەیدا گیانی خۆیان بەخشیوە، "بەتوندی ئیدانە دەکەین."

ئاڵای کوردستان، سیمبولی باڵای بەرخودانی نەتەوەی کوردو رەمزی ئاشتی و ئاوەدانی و پێکەوەژیانە.

پەلاماردانی بارەگای هەر حزب و لایەنێك، دواتر سووکایەتی کردن بەئاڵای کوردستان، پەیامێکی روونە و، دەخوازێت هەرچی زووە ململانێ حزبییەکان و گرژییە سیاسیەکان بەلاوە بنرێن و سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەکانی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، یەکدەنگ ویەکهەڵوێست بن، بۆ پاراستنی پیرۆزییەکان و رووبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی ئێستا و ئایندە.

داوا لە حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هێزە دیموکراتییەکان دەکەین، لێکۆڵینەوەی جددی لەوبارەوە بکەن و رێگری لەو جۆرە  پێشێلکارییانە بکەن، کە دواجار مینبەری پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و پاراستنی بەها دیموکراتیەکان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەعێراق دەخاتە مەترسییەوه.

دەستبردن و سوکایەتی کردن بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان، بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراونیەو، دەبێ ئەنجامدەرانی بەزووترین کات رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگه، نیگەرانی قووڵی خۆمان دەردەبڕین و، راشیدەگەێنین꞉ وەك هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەهەموو ئان و ساتێکدا، پارێزەری خاك و ئاڵای پیرۆزی کوردستانین، وەك بیلبیلەی چاومان دەیپارێزین.

شۆڕش ئیسماعیل

وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

H.B