71 پەرلەمانتاری ئێران داوای دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم دەکەن

71 ئەندامی پەرلەمانتار، لە نامەیەکەدا بۆ ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکانی سێ دەسەڵاتەکەی ئێران، داوا دەکەن وڵاتەکەیان بۆمبی ئەتۆم دروست بکات.
دووشەممە، 23ـی ئەیلوول 2025، ئاژانسی 'خەبەرئۆنلاین' بڵاوی کردەوە "ئەم پەرلەمانتارانە، لە نامەکەیاندا دوایان کردووە، ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیلان و هەڕەشەی دوژمنان، پێویستە بۆمبی ئەتۆم دروست بکات."
لە نامەی ئەو پەرلەمانتارانەدا هاتووە "فەتوای ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ قەدەغەکردنی دروستکردن و بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆم، لە کاتێکدا بوو کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ڕۆژئاوا، دەیانتوانی تاڕادەیەک، هەڕەشە و پەلامارەکانی ئیسرائیل کۆنترۆڵ بکەن. بەڵام ئێستە کە بارودۆخەکە گۆڕاوە و ئیسرائیل سنووری هەموو ڕێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکانی بەزاندووە، دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئەرکێکی نیشتمانی شەرعییە."
سەرەڕای چەندان کۆبوونەوە و دانوستان لە نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، هێشتا دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران چارەسەر نەکراوە و وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا هەڕەشەی کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران دەکەن. داخوازیی ئەم پەرلەمانتارانەی ئێران بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم، لەوانەیە هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرانبەر ئێران توندتر بکات.