کۆمیسیۆن دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری بەسەر دەنگدەران ڕادەگەیەنێت

سبەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ڕێگەی هەزار و 79 ناوەندی تۆمارکردنەوە، دەست دەکات بە دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری بەسەر دەنگدەراندا.
سێشەممە 23ـی ئەیلوولی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کرد، ژمارەیەک کارتی بایۆمەتری چاپ کراون و ئامادەیە بۆ دابەشکردن بەسەر دەنگدەراندا، هەروەها بە چەند قۆناغێک پرۆسەی دروستکردنی کارتی بایۆمەتری بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوە کرد، سبەی چوارشەممە لە ڕێگەی هەزار و 79 ناوەندی تۆمارکردنەوە، قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری بەسەر دەنگدەراندا دەست پێدەکات.
هاوکات دەڵێت: لە قۆناغی یەکەمدا دوو ملیۆن و 471 هەزار و 61 کارت دروست کراون. کە بەم شێوەی خوارەوە دابەش کراون:
دەنگدەری گشتی: 2 ملیۆن و 425 هەزار و 516 کارت.
دەنگدەری تایبەت: 44 هەزار و 787 کارت.
ئاوارەکان: 758 کارت.
جومانە غەلای، ڕایگەیاند: کۆمیسیۆن لیژنەی تایبەتمەندی پێکهێناوە بۆ پشکنین و پشتڕاستکردنەوەی کارتی دەنگدەران لە سەرجەم نووسینگەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان.
بە گوێرەی ئەو وادەیەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دیاریی کردووە، 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت، کە 31 هاوپەیمانێتی، 38 پارتی سیاسی و 79 کاندیدی سەربەخۆ کێبڕکێ لەسەر 329 کورسی پەرلەمان دەکەن.