ئەمەریکا: سووریا و ئیسرائیل نزیکبوونەتەوە لە ڕێککەوتنێک

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا، ڕایگەیاندووە، سووریا و ئیسرائیل نزیکبوونەتەوە لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی "کەمکردنەوەی پەرەسەندن". بەگوێرەی ئەم ڕێککەوتنە، ئیسرائیل هێرشەکانی ڕادەگرێت، لەکاتێکدا سووریا ڕەزامەند دەبێت لەسەر نەجوڵاندنی هیچ چەکێکی قورس لە نزیک سنووری ئیسرائیل.

باراک، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە "هەنگاوی یەکەم دەبێت بەرەو ئەو پەیمانە ئەمنییەی کە هەردوو وڵات دانوستانی لەسەر دەکەن."

سووریا و ئیسرائیل ماوەیەکە لە گفتوگۆدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە دیمەشق هیوادارە کۆتایی بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بهێنێت و هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری سووریا بکشێنەوە.

باراک ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ، هەوڵیداوە ڕێککەوتنێک لە نێوان هەردوولادا هەبێت، کە بڕیاربوو ئەم هەفتەیە ڕابگەیەنرێت، بەڵام تا ئێستا پێشکەوتنی پێویست نەبووە و پشووی سەری ساڵی جووەکان لەم هەفتەیەدا پرۆسەکەی خاوکردووەتەوە.

ئیسرائیل لە 8ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ وازی لە ئاگربەستی ساڵی 1974هێنا، لە دوای ڕووخانی و ڕاکردنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، بەردەوام ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر یەکە سەربازییەکان و هێزەکانی سووریا و نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە پێشڕەوییان کردووە.

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، لەو کاتەوە ئیسرائیل زیاتر لە هەزار هێرشی ئاسمانی و 400 هێرشی وشکانی بۆ سەر سووریا ئەنجامداوە.

شەرع جەختی کردەوە "ئیسرائیل دەبێت بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشوەختەی 8ـی کانوونی دووەمی 2024، ئێمەش وتوومانە نابینە هەڕەشە بۆ سەر کەس".

دووپاتیشی کردەوە "سەرکەوتنی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئیسرائیل ڕێگە خۆش دەکات بۆ ڕێککەوتنەکانی دیکە کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشتی لە ناوچەکەدا."

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment