له‌ گه‌رمیان گه‌نجێك هێندەی رۆژەکانی تەمەنی هاوڕێ کۆچکردووەکەی نەمام دەنێژێت

هەڤاڵ بڕیاری داوە جارێکی دیکە نەچێتەوە سەر رووباری سیروان


K24 - گەرمیان

زیاتر لە دوو مانگ لەمەوبەر، محەمەد جەلالی تەمەن 20 ساڵ لە رووباری سیرواندا خنکا. گیانلەدەستدانی محەمەد، ھەڤاڵی ھاوڕێی خەمبار کردووە و دەیەویت ئەو خەمەی لەڕێگەی چاندنی هەزاران نەمام، کە بەقەدەر رۆژەکانی تەمەنی هاوڕێکەینی، لەسەر خۆی سووک بکات.

ھەڤاڵ مەحموود، ھاوڕێی محەمەدی کۆچکردوو دەڵێ "ئەمڕۆ دوو مانگ و 10 رۆژ بەسەر مردنی هاوڕێی ئەزیزمان، کاکە محەمەدی کاک جەلال تێپەڕدەبێت. بەگوێرەی رۆژژمێری زایینی کە حیسابمان کردووە، کاکە حەمە بە 20 ساڵی تەمەنییەوە، 7 هەزار و 547 رۆژ ژیاوە، بۆیە بڕیارمان دا بۆ هەر رۆژێکی تەمەنی، نەمامێک بنێژین و خزمەتی بکەین، ئەمەش تێکهەڵکێشکردنێک بێت لەنێوان وەفا و خزمەتکردنی خاکدا".

ھەڤاڵ بەڵێنی داوە هەموو رۆژێک سەردانی گۆڕی ھاوڕێ کۆچکردووەکەی بکات و، ھەرگیز بۆ کاتبەسەربردنیش جارێکی دیکە نەچێتەوە سەر رووباری سیروان.

ھەڤاڵ مەحموود هەروەها دەڵێ "ماوەی دوو مانگە مەرگی کاکە حەمە وەکو شۆکێکە هەم بۆ خانەوادە بەڕێزەکەی، هەم بۆ هاوڕێ نزیکەکانی و من، بەڵام سەیرمان کرد بە خەمخواردن هیچ نابینین، بۆیە (بڕیارمان دا) هەستین و خزمەتبکەین لەژێر ناوی کاکە حەمە. حەزم کرد ئەمە پەیامێک بێت لەو رۆژگارەدا، کە هاوڕێیەتی بەرەو لاوازبوون و کەمبوونەوە دەچێت، ئێمە پەیمان لەگەڵ هاوڕێکەمان نوێ بکەینەوە و وەفای خۆمان دووپات بکەینەوە... بە ناشتنی نەمامەکانیش بتوانین وەفا و خزمەتی گشتی تێکەڵ بکەین".

لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، 21 کەس بەھۆی مەلەکردنەوە لە رووباری سیروان خنکاون و بوونەتە قوربانی، محەمەد جەلایش یەکێکە لەو قوربانییانە.

 

هـ.ر. 

Fly Erbil Advertisment