لە ئاکرێ چەند پرۆژەیەکی هاتوچۆ جێبەجێ دەکرێن

بە مەبەستی نەهێشتنی قەرەباڵغی و کەمکردنەوەی ڕووداوی هاتوچۆ، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی ئاکرێ، چەند پرۆژەیەکی نوێی دەست پێ کردووە.
ئومێد سدیق، بەڕێوەبەری هاتوچۆی ئاکرێ، بە ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24ی ڕاگەیاند، سنووری شارۆچکەی ئاکرێ ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت، دوای کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شەقامی سەرەکی نێوان هەولێر-گۆپاڵ. گۆپاڵ-چەمە. چەمە- ڕۆڤیا کراونەتەوە، و ئەو پرۆژەیە هاتوچۆی ئاکرێی لە قۆناغێکەوە بردە قۆناغێکی دیکە.
بەڕێوەبەری هاتوچۆی ئاکرێ، ڕاشیگەیاند، گەشتیاران کە سەردانی هەولێر دەکەن، سەردانی ئاکرێش دەکەن بەوەش قەرەباڵغیەکی زۆر کەوتووەتە سەر شەقامەکانی ئاکرێ، بۆیە پێداچوونەوەیەکمان لەگەڵ ئەندازەی هاتوچۆ و شارەوانی ئاکرێ کردووە و لەژێر چاودێری قایمەقامی ئاکرێ، چەند شەقامێکی نوێمان کردووەتەوە لەنێو گەڕەکەکان بۆ ئەوەی فشاری سەر شەقامە گشتییەکان کەمتر بێت.
ئومێد سدیق، ئاماژەشی دا "هەڵمەتێکی بەستنی کامێرای چاودێری تیژڕۆییشمان دەست پێ کردووە بە مەبەستی کەمترکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و بەر لە دەستپێکی ساڵی نوێ خوێندن، شەقامەکان و شۆستەکانی قوتابخانەکان ئامادە دەکرێن و هێڵی پەڕینەوەیان بۆ دەکێشرێت".
بەڕێوەبەری هاتوچۆی ئاکرێ، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: سەبارەت بە پرۆژەی درێژخایەنیش، پرۆژەی 40 مەتریی ئاکرێمان هەیە و هەر لەگەڵ تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە بە تەواوی کۆنترۆلی قەرەباڵغیی ئاکرێ دەکرێت.