ئێران: وادهی گهمارۆی نێودهڵهتی بۆ كڕینی چهك كۆتاییهات
"ئیدی دەتوانین بەبێ کۆتوبەندی یاسایی، چەک بکڕین"

K24 - هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ گەمارۆی نێودەوڵەتی بۆ کڕینی چەک لەلایەن ئێرانەوە، لەمڕۆوە هەڵدەگیرێت و ئیدی دەتوانن بەبێ کۆتوبەندی یاسایی، چەک بکڕن و دەست بە سیاسەتێکی نوێی هاوردەکردنی چەک بکەن بۆ بەرگری لەخۆکردن.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوەکەیدا ئەمڕۆ (یەکشەممە، 18-10-2020) رایگەیاندووە بەهۆی خاڵێکی رێککەوتنی ئەتۆمییەوە، سەرەڕای هەوڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەمڕۆوە گەمارۆی چەک لەسەر ئێران هەڵدەگیرێت.
ماوەی 13 ساڵە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان گەمارۆی خستووەتە سەر ئێران و رێگەی لێگرتووە چەک بکڕێت، بەڵام بەپێی بڕیاری 2231ـی رێککەوتنی ئەتۆمی کە لە ساڵی 2015 لەلایەن ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک واژۆکرا، ئەو بڕیارە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لەمڕۆوە هەڵدەوەشێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران خۆشحاڵە و لەمبارەیەوە لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێ "لەمڕۆوە سەرجەم گەمارۆکانی پەیوەست بە گواستنەوەی چەک و چالاکییە هاوشێوەکان و خزمەتگوزارییە داراییەکانی پەیوەست بەو بوارە لە، و بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران... بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەوەستێت".
کۆتاییهاتنی گەمارۆ چی دەگەیەنێت؟
ئێران بەپێی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە ئیدی دەتوانێت لەمڕۆوە هەموو جۆرە چەکێکی ئاسایی بکڕێت و بفرۆشێت، لەنێویشیان مووشەک، هەلیکۆپتەر و تانک.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ کڕینی چەک لە هەر سەرچاوەیەکەوە ئیدی هیچ رێگرییەکی یاسایی لەبەردەم نییە و دەتوانن بەئارامی بەپێی پێویستییەکانیان بۆ بەگریر لەخۆکردن، بیکڕن.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە مانگی ئایاری 2018 تاکلایەنە لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە کشایەوە و گەمارۆیەکی سەختی ئابووریی خستە سەر ئێران.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەموو هەوڵێکی دا بۆ ئەوەی هەڵگرتنی گەمارۆی لەسەر چەک بۆ ئێران هەڵنەوەشێتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
ئەمەریکا لەلایەن ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبییەوە پاڵپشتی دەکرێت لەوەی رێگە لە زیادبوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە بگرێت.
لە مانگی ئابیشدا ئەمەریکا داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد گەمارۆی سەر چەک بۆ ئێران درێژبکرێتەوە، بەڵام داواکارییەکەی لەلایەن زۆربەی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش رەتکرایەوە، بەهۆی ئەوەی گوتیان "ئەو هەنگاوەی ئەمەریکا هیچ بنچینەیەکی یاسایی نییە".
بەهزاد خۆشحاڵی، چالاکوانی سیاسی لە ئەڵمانیاوە لەبارەی ئەم تەوەرە میوانی کوردستان24ـە و باسی ئێرانی پێش ئابڵۆقە لەسەر چەک و ئێرانی ئازاد لە کڕینی چەک دەکات: