پزیشکیان: ئێران هەرگیز نیازی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نەبووە و نییە

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، ئێران هەرگیز نیازی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نەبووە و نییە؛ بەڵام ئامادەش نییە لەسەر حسابی سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی و لە ژێر هەڕەشەدا دانوستان بکات.
سەرۆک کۆماری ئێران، لە وتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە "ئێران هەرگیز نیازی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نەبووە و نییە؛ بەڵام ئامادەش نییە لەسەر حسابی سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی و لە ژێر هەڕەشەدا دانوستان بکات و گوتی: ساڵانێکە وڵاتەکەی من لە سەرسەختترین لایەنگرانی دروستکردنی ناوچەیەکی خاڵی لە چەکی کۆمەڵکوژ بووە. بەڵام ئەوانەی کە خۆیان خاوەنی گەورەترین جبەخانەی ئەتۆمین و بە ئاشکرا پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆم پێشێل دەکەن و چەکەکانیان ڕۆژ بە ڕۆژ، کوشندەتر و وێرانکەرتر دەکەن؛ ئەوانە ساڵانێکە بە تۆمەتی بێبنەما، ئێمەیان خستووەتە ژێر فشارەوە.
پزیشکیان، لە وتارەکەیدا ئیسرائیلی بە کۆمەڵکوژیی غەززە، دەستدرێژیکردنە سەر خاکی لوبنان و وێرانکردنی ژێرخانەکانی سووریا و یەمەن و پەلاماردانی سەروەری وڵاتان، تاوانبار کرد و ئەمەی بە هەڕەشەی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان لە قەڵەم دا.
سەرۆک کۆماری ئێران، لە باسی جەنگی 12 ڕۆژەدا گوتی: ئیسرائیل، بە پشتیوانیی ئەمەریکا هێرشی ئاسمانیی کردە سەر شار و ژێرخانەکانی ئێران، لە کاتێکدا ئێمە لەسەر ڕێچکەی دانوستانە دیپلۆماسییەکان بەردەوام بووین و ئەوەش خیانەتێکی گەورە بوو لە دیپلۆماسی و هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی سەقامگیریی و ئاشتی.
پزیشکیان، ئاماژەی بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد و گوتی: هیرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا سەرەڕای کوشتنی ژماریەک لە فەرماندە، هاووڵاتی و زاناکانی وڵاتەکەم، بۆمبارانی پێگە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان کرد و گورزێکی قورسیان لە متمانەی نێودەوڵەتی و هیوای گەیشتنە ئاشتی لە ناوچەکەدا وەشاند.
سەرۆک کۆماری ئێران، بە توندی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بە دەستدرێژکار و شەڕئەنگێز ناوی برد و بەوە تاوانباری کرد کە بە نیازی دامەزراندنی "ئیسرائیلی گەورەیە" و ئەوەی بە پلانێکی وەهمی و پێکەنیناوی ناساند و گوتی: ئەم پلانە، زۆرێک لە خاکی وڵاتانی ناوچەکە دەگرێتەوە. ئەم نەخشەیە، نیشاندەری ئامانج و مەبەستە ڕاستەقینەکانی ئیسرائیلە کە لە لایەن سەرۆک وەزیرانەکەشیەوە پشتڕاست کرایەوە.
پزیشکیان، بەرگریی لە سیاسەتی وڵاتەکەی کرد و گوتی: ئێران چاوی بڕیوەتە ئاسۆیەکی هاوبەش و هیوابەخش کە ئاسایش و ئارامیی بۆ ناوچەکە دابین دەکات و ڕێز لە کەرامەتی مرۆڤ و فرە کولتووری دەگرێت.
پزیشکیان، بە توندی ڕەخنەی لە سێ وڵاتە ئەورووپییەکە و پلانی دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان گرت و گوتی: ئەوان بە فەرمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە فشار و سەپاندن و بەکارهێنانی ئاشکرای دەسەڵات هەوڵیان دا بڕیارە هەڵوەشێنراوەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، دژی ئێران بگەڕێننەوە، ئەم هەنگاوە نایاساییە کە ڕووبەڕووی دژایەتیی هەندێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشیش بووەوە، شەرعییەتی نێودەوڵەتیی نییە و لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە پێشوازیی لێ ناکرێت.
سەرۆک کۆماری ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئێمە ئێرانییەکان هێزی خۆمان لە جیهاندا بڵاو کردووەتەوە؛ نەک بە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی و کوشتنی سەدان هەزاران مرۆڤ و کۆمەڵکوژی و برسیکردنی منداڵانی غەززە، بەڵکو بە کولتووری مرۆڤدۆستی و پەیامی پێکەوەژیان ئەوەمان کردووە.
پزیشکیان هەروا گوتی: ئاسایشی ڕاستەقینە لە ڕێگەی هێزەوە ناسەپێنرێت. من بانگهێشتی هەمووان دەکەم لە گوێ لە یەکتر بگرین و متمانەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەدەست بهێنینەوە و لەسەر بنەمای ڕێز لەیەکترگرتن و دوور لە هەڕەشە پێکەوە کار بکەین.
سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆتایی وتارەکەیدا، گوتی: ئەوانەی منداڵان دەکوژن، شایستەی ئەوە نین پێیان بگوترێت مرۆڤ و بێگومان هاوبەشی متمانەپێکراویش نابن. ئێران بە پشتبەستن بە نەریتی دێرینی مرۆڤدۆستی، هاوبەشێکی بەردەوام و هاوڕێیەکی متمانەپێکراوە بۆ هەموو وڵاتانی ئاشتیخواز؛ دۆستایەتی و هاوبەشییەک، کە نەک لەسەر بەرژەوەندیی کاتی، بەڵکو لەسەر بنەمای شکۆ، متمانە و داهاتوویەکی هاوبەش دامەزراوە.