ناتانیاهۆ: دەوڵەتی فەڵەستینی دانامەزرێت

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، دانپێدانانی ئەم دواییەی دەوڵەتی فەڵەستین لەلایەن چەند وڵاتێکی ڕۆژئاواییەوە "بە هیچ شێوەیەک ئیسرائیل پابەند ناکات".

لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا هاتووە؛ "ڕادەست بوونی شەرمەزارانەی هەندێک لە سەرکردەکانی وڵاتان، بە تیرۆریزمی فەڵەستین بە هیچ شێوەیەک ئیسرائیل پابەند ناکات. دەوڵەتی فەڵەستینی نییە و نابێت."

ڕۆژی دووشەممە، ئەمەریکا دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەڵەستینی لەلایەن چەند وڵاتێکی هاوپەیمانی خۆیەوە بە "نمایشکار" وەسف کرد. ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە ڕایگەیاند، "گرینگیمان لەسەر دیپلۆماسی ڕژد داوە نەک ئاماژەی نمایشی."

گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەولەویەتەکانمان ڕوونن، ئازادکردنی بارمتەکان، ئاسایشی ئیسرائیل، و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو ناوچەکە، کە تەنیا لە حاڵەتێکدا دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت لە حەماس دوور بێت."

هەروەها کارۆڵاین لڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، سەرۆک ترەمپ پێی وایە داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین بەشدار نییە لە ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە، کە بە ئامانجی سەرەکی دەزانێت و ئەوەش کۆتایی بە ململانێکان ناهێنێت."

لڤێت ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ "لەگەڵ دانپێدانان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا ناکۆکە و لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ بەریتانیا ئەم هەڵوێستەی دەربڕیوە."

بە گوتەی لڤێت، ترەمپ ئەم دانپێدانانە بە "پاداشتێک بۆ حەماس" زانیوە و جەختی کردووەتەوە "هەندێک لە دۆست و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا، قسەیان زیاترە لە کردەوە ".

ئەم لێدوانە لە وەڵامی دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین بوو لەلایەن شەش وڵاتی ئەورووپا، لەوانە فەرەنسا و بەلجیکا، لە ڕۆژی دووشەممەدا.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment