شوێنە گەشتیارییەکانی کۆیە بووەتە زبڵخانە
دارستان و سەر چیای هەیبەت سوڵتان، نزیکترین شوێن و ناوچەی گەشتیاریە کە ئێواران دانیشتوانی کۆیە بۆ بەسەربردنی پشووەیەکی کورت ڕووی تێدەکەن.
بەشێک لە گەشتیارەکان هەست بە بەرپرسیاریەتی پاکوخاوێنی شوێنەکە ناکەن و دیمەنێکی ناشرین دوای خۆیان جێدەهێڵن و دارستانەکەیان کردۆتە زبڵخانە.
دانیشتنی ئێواران لە بەرزی سەر چیای هەیبەت سوڵتان و چنارۆک دیمەنەکانی تایبەتن، تا دوور بڕوانی هەر لە تابلۆیەکی جوانتر دەچن. دیمەنە نزیکەکان پێچەوانەن، ئەو هاووڵاتی و گەشتیارانەی دێن و کاتی خۆش لێرە بەسەر دەبەن، دوای خۆیان ئەو دیمەنانە بەجێ دێڵن.
ئەحمەد جەمال، گەشتیار بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێرە شوێنێکی خۆشە بەڵام کە سەیری دەکەین خەڵک پاشماوەکان فڕێدەدەن و پیسی دەکەن، ئەوەش زۆر ناشرینە، بۆیە هەرکەس سەردانی ئەو شوێنە دەکات پێویستە عەلاگەیەکی پێبێت و پاشماوەکەی خۆی هەڵگرێتەوە.
ئەگەر بۆ ناو دارستانی هەیبەت سوڵتان بجێتە خوارەوە، دیمەنی زۆر نائاسایی تر دەبینی، ئەو دارستانەی نزیکترین شوێنی گەشت و پشوودانی دانیشتووانی کۆیەیە، بۆنی زبڵ و پاشماوەی بەجێماوی گەشتیاران وایلێکردووە ئەو گەشییارانەی دواتر دێنن نەتوانن هەناسەیەکی قوڵ هەڵمژن.
سامان ئیسماعیل، هاووڵاتی گوتی: ئێمە خاوەنی مەلای گەورەی کۆیەین، نابێت ئەو سیما ناشرینە لەو شارە هەبێت، ئێمە کە لەوەرزی بەهار دەهاتین دەبوایە منداڵەکەم ئاگادار بکەمەوە لەوەی شوشە پێی نەبڕێت، چونکە جگەلەوەی پاشماوەکانیان بەجێدەهێشت دواتر شوشەکانیان دەشکاند.
پیسکردنی ژینگە، دارستان و شوێنە گەشتیاریەکە لەلایەک، شکاندنی کورسی و مێزە گەشتیاریەکانی دارستانی هەیبەت سوڵتان لەلایەکی تر، دیمەنەکان ئێرەیان ناشرین کردووە، بەرێوبەرایەتی گەشتوگوزاری کۆیە دەڵێت: جار هەبووە مێزوو کورسیە گەشتیارییەکانیان دزیووە و باریان کردووە، بۆیە داوایکردووە هێزە ئەمنیەکان هاوکاریان بکەن .
ئیسماعیل عەبدوڵڵا، بەرێوبەری گەشتوگوزاری کۆیە دەڵێت: ڕۆژانە تیمە خزمەتگوزارییەکانمان ئێرە پاک دەکەنەوە، بەڵام ڕێژەی فڕێدانی ئەو زبڵ و پاشماوانە ئەوەندە زۆرە لە توانای تیمەکانماندا نییە پاکی بکەنەوە، چونکە ژمارەی کارمەندانمان کەمە، ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت خەڵک هۆشیار بێت و هەست بەبەرپرسیارەتی بکەن.
سەرباری هەڵمەتەکانی پاککردنەوەی دارستانەکە لەلایەن گەشتوگوزاری کۆیە و تیمەکانی ژینگەپارێز، هێشتا لەو جۆرە دیمەنانەی لە دارستانی گەشتیاری هەینەت سوڵتان دووبارە دەبنەوە.