
دایکی نابیستان لە سلێمانی
بەھار محەممەد مەحموود تەمەن 63 ساڵ، کە بە دایکی نابیستان ناسراوە، نازناوێک کە وا بە ئاسانی بەدەست نەھاتووە، بەڵکوو لە ڕێگای خۆبەخشیی و خۆشەویستیی بۆ نابیستان بە دەستی ھێناوە، کار و ماندووبوونەکانی ئەم دایکە کاریگەرییان لەسەر نەوەکانی داھاتووش ھەبووە، نەک ھەر وەک مامۆستایەکی زمانی ئاماژە، بەڵکو وەکو پێشەنگێک لە پەروەردەکردن و داکۆکیکردن لە مافەکانی نابیستان.
ئەو دایکە لە ساڵی 1981 لە سلێمانی خوێندن تەواو دەکات و لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتیی شارەکە دادەمەزرێت و ساڵێک دواتر پەیمانگای نابیستان دەکرێتەوە و لەوێ وەک مامۆستایەک دەست بە ئەرکەکەی دەکات و ماوەی 44 ساڵە لەم بوارەدا خزمەت بە توێژی نابیستان دەکات و ئێستا سەرۆکی ڕێکخراوی ئاماژە و شارەزا لە زمانی ئاماژەیە.


















