سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا بە پێنج ساڵ زیندانی سزا درا

دادگای پاریس، سزای پێنج ساڵی زیندانی، بەسەر سەرۆکی پێشووتری فەرەنسادا سەپاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، دادگای پاریس، نیکۆلاس سارکۆزی، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا، بە تۆمەتی وەرگرتنی پارە لە لیبیا بۆ مەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا لە ساڵی 2007، بە پێنج ساڵ زیندانی سزا دا.
سارکۆزی لە کاتی دەرچوونی لە هۆڵی دادگا، قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و گوتی: ئەو بڕیارەی ئەمڕۆی دادگا، لە ڕادەبەدەر مەترسیدارە بۆ سەروەریی یاسا و ئەو متمانەیەی کە دەتوانین بە دادپەروەری لە وڵاتەکە بیکەین.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر بیانەوێت من لە زینداندا بخەوم، ئەوا کێشەم نییە لەوێدا دەخەوم، بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکەن کە من هەمیشە سەربەرز و بێتاوانم.
سەرۆکی پێشتووری فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە، خۆی لە ئەنجامدانی هیچ کارێک نادزێتەوە کە نەیکردبێت. گوتیشی: دووبارە تانە لە بڕیارەکەی دادگا دەدەم.
نیکۆلاس سارکۆزی لە 2007 تاوەکو 2012 سەرۆکی فەرەنسا بووە و بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2018 تۆمەتبار کرا بە پاڵپشتیی دارایی نایاسایی و کاری گەندەڵی.
سارکۆزی لە ساڵی 1955 لە پاریس لەدایکبووە (تەمەنی 69 ساڵە)، پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکی فەرەنسا، چەندین پۆستی دیکەی حکوومی هەبووە وەک؛ وەزیری ناوخۆ، بودجە، دارایی و پەیوەندییەکان.