مایڵز کاگینز: هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)

گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ڕایگەیاند: کۆمپانیاکانی نەوت ئامادەن نەوت هەناردە بکەنەوە، هەروەها سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەین.

پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، لە میانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر گرنگ و مێژووییە و ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت واژۆ کراوە.

گوتەبێژی ئەپیکور، ئاماژەی بەوە کرد، کۆمپانیاکانی نەوت ئامادەن نەوت هەناردە بکەنەوە. هەروەها کاگینز پێشبینی دەکات، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە دوو یان سێ ڕۆژی داهاتوو دەست پێبکاتەوە.

لە بارەی وردەکاریی ڕێککەوتنەکە، مایڵز کاگینز، دەڵێت: لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە دەکات، هەروەها 50 بۆ 60 هەزار بەرمیل نەوتیش بۆ پێویستی ناوخۆ بەکار دەهێنێت.

جەختی لەوەش کردەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، کۆمپانیا نەوتییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ، چاودێریی ڕێککەوتنەکە دەکەن، هەمووان چاویان لەوەیە ڕێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

گوتەبێژی ئەپیکور، هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بۆ ڕێککەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت بەرز دەنرخێنێت، هاوکات دەڵێت: سوپاسی سەرۆک وەزیران دەکەین و خۆشحاڵین بەو دەستکەوتە مەزنە.

لە بارەی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ مەبەستی ڕێککەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، مایڵز کاگینز، ئاشکرای کرد، ئەمەریکا هانی لایەنەکانی داوە و هەندێک جاریش فشاری کردووە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە بکرێت.

هاوکات دووپاتی کردەوە، ڕێککەوتنی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، سوودی بۆ تەواوی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت.

سەبارەت بە ماوەی ڕێککەوتنەکە، گوتەبێژی ئەپیکور، ڕایگەیاند: ڕێککەوتنەکە کاتییە و بۆ ماوەی سێ مانگە لە 31ـی 12ـی ئەم ساڵ کۆتایی دێت، بەڵام ئێمە چاومان لەوەیە لە داهاتوو ڕێککەوتنێکی درێژخایەن بکرێت.

مایڵز کاگینز، باسی لە وەبەرهێنان لە گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان کرد و عێراق، هەروەها گوتی: کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور پلانێکی زۆر باشیان دانەوە بۆ وەبەرهێنانەکە لە داهاتوودا، کە کاریگەریی دەبێت لەسەر چارەکردنی کێشەی کارەبا لە عێراق.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆ مەبەستی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ڕێککەوتین.

وەزارەتەکە میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی ڕوونکردەوە و باسی لەوە کرد، تەواوی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، کۆمپانیاکەش لە ڕێگەی بەندەری جەیهان هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی دەکات، جگە لەو نەوتەی کە دەمێنێتەوە هەرێمی کوردستان لە نێوخۆ بەکاری دەهێنێت.

لای خۆیەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن.

وەزارەتەکە دەشڵێت: لە ماوەی ئەم 48 کاتژمێرەدا، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکرێتەوە.

هەر لەبارەی ڕێککەوتنەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەنراوێکدا، پێشوازیی لە ڕێککەوتنەکە کرد و هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو مەبەستە بەرز نرخاند.

لای خۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە باری ڕێککەوتنەکە ڕایگەیاند: ڕێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ و کۆمپانیای سۆمۆ، دەستکەوتی ماندووبوون و هەوڵی زۆری تیم و شاندەکانی هەموو لایەک بووە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، بەم هەنگاوە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دووبارە بە بازاڕی جیهانیی نەوت بەسترانەوە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment