چیرۆكی كوژرانی سێ گەنجی كورد لە كەركووك كە تەرمەكانیان سوتێندرا
بەشێوەیەكی دڕندانە كوژراون
K24 - كەركووك
سێ گەنجی کورد لە سنووری ناحیەی شوانی سەر بە پارێزگای کەرکووک، دەسترێژی گولـلەیان لێکراو کوژران، گەنجەکان دوانیان بران و ئەوی دیکەش ئامۆزایان بوو، ئەو سێ گەنجە لە دەشتایەکی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق کوژراون، کەسوکار و دەزگا ئەمنییەکانی سنوورەکەش كوژرانی سێ گەنجەکە بە کاری داعش دادەنێن.
بەرەبەیانی 18/10/2020 هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە سێ هاووڵاتی کوردی سنووری ناحیەی شوان، دەستڕێژی گوللـەیان لێکرا و کوژران و تەرمەکانیانیش هەر لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا سوتێندرا.
هەرێز مستەفا و ئارامی برای، لەگەڵ پێشەوای ئامۆزایان پێکەوە کوژران، كوشتنیان بەشێوەیەكی دڕاندانە و سوتاندنی تەرمەكانیان كەسوكاریانی زیاتر خەمبار كردووە.
حاجی مستەفا، باوكی ھەرێز و ئارام، بە چاوی بە فرمێسكەوە دەڵێ: "جگە لە داعش و گرووپە توندڕەوەكان، گومانمان نییە ھیچ كەسێكی دیكە ئەوەمان لەگەڵ بكات، زۆر بێویژدانانە كوژراون، ئەوەی لەگەڵ ئێمە كراوە، لەگەڵ ھیچ كەسێك نەكراوە".
ئەو ناوچەیەی كە تاوانەكەی لێ ئەنجامدراوە، دەشتێكی چۆڵەوانە و دەكەوێتە نێوان سەنگەرەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، فەرماندەیەكی پێشمەرگەش پێی وایە ئەو كردەوەیە تەنھا لە ھی داعش دەچێت.
عەقید لوقمان سەرتكی، ئەفسەر لە لیوای11ی پیادەی پێشمەرگە بە كوردستان24ی گوت: "تاوانەكە زۆر بە بێویژدانی كراوە و لە ھی داعش دەچێت".