ئاکرێ خاوەنی زیاتر لە 350 هەزار بنەداری زەیتوونە
بەپێی داتای بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئاکرێ، دەڤەرەکە خاوەنی 350 هەزار بنەداری زەیتوونە کە لەسەر ڕووبەری 13 هەزار دۆنم چێندراون و بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە سێ هەزار تۆن.
نێچیرڤان فایەق، جووتیارێکی شاری ئاکرێ، بە ئاری حوسێن پەیامنێری کوردستان24ی ڕاگەیاند، ماوەی دوو هەفتەیە دەستمان کردووە بە ڕنینەوەی زەیتوون، جۆری زەیتوونەکەی ئێمە بۆ خواردنە نەوەک زەیت، ئێمە بەردەوام دەبین تا مانگی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم دواتر دەست بە ڕنینەوەی زەیتوونی زەیتیی دەکەین.
ئەندازیاری سەرپەرشتیار، سالح عومەر گوتی، ئەو جۆرەی کە لە ئێستادا خەریکی ڕنینەوەین زۆربەی بۆ خواردنە، کە پێی دەڵێن(خەستاوی) و جۆری زەیتیشمان هەیە.
لە بارەی چۆنیەتی دابەشکردنی زەیتوونەکانیش سالح عومەر ڕایگەیاند، زۆربەی بەرهەمی ئەم ساڵەمان بۆ ناوخۆی کوردستان و عێراقە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئاکرێ، بە ئاری حوسێن پەیامنێری کوردستان24ی ڕاگەیاند، کەشوهەوای ئاکرێ زۆر گونجاوە بۆ چاندنی دار زەیتوون و جووتیاران گرنگییەکی باش بە چاندنی دەدەن و دوو جۆرە زەیتوون دەچێنن کە یەکێکیان بۆ خواردنەوەی ئەوەی دیکەشیان بۆ زەیت.
لە ئێستادا ئاکرێ خاوەنی زیاتر لە 350 هەزار بنەداری زەیتوونە و ساڵانە بەرهەمەکەی دەگاتە سێ هەزار تۆن لە زەیتوون و بەرهەمی ئەمساڵەش زۆر بە باشی پێگەیشتووە و جووتیاران خەریکی ڕنینەوەین.