لە هەولێر ئاگر لە نەخۆشخانەیەکی ناحکوومی کەوتەوە

ئاگر لە نەخۆشخانەی ژینی ناحکوومی کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەوڵی کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن، بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانیش هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
ئەمڕۆ 26ی ئەیلوولی 2025، بەهۆی شۆرتی کارەباوە ئاگرێک لە بەشی پرسگەی نەخۆشخانەی ژین ئینتەرناشنال کەوتەوە و بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، بەشێک لە نەخۆشەکان بەهۆی دووکەڵەوە تووشی تەنگە نەفەسی بوون.
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، زیاتر لە 10 تیمی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە و لە ڕێگەی دەرچەکانی ڕزگارکردنەوە سەرقاڵی بەهاناوەچوونی نەخۆش و هاوەڵەکانیانن، کە لەنێو نەخۆشخانەکەدان. هاوکات تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵی کۆنترۆڵ و کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.
لەلایەکی دیکەشەوە، ڕێزان ئەنوەر گەردی، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرا (122) لە هەولێر بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، 20 تیمیان ناردووە و هەوڵی گواستنەوەی نەخۆشەکان دەدەن.
نەخۆشخانەی ژین ئینتەرناشنال نەخۆشخانەیەکی ناحکوومیی شاری هەولێرە و دەکەوێتە سەر ڕێگەی سەرەکی کەسنەزان نزیک نەخۆشخانەی ڕزگاری، ڕۆژانە پێشوازی لە جۆرەها کەیسی نەخۆشی دەکات و جگە لە هۆڵەکانی نەشتەرگەریی و بەشی خەواندنی نەخۆش و نۆرینگەی پزیشکانی پسپۆڕ، هۆڵی چاودێری چڕیشی تیادایە.