سوودانی و سەرۆک بارزانی بە تەلەفۆن گفتوگۆیان کرد

سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە تەلەفۆن لەگەڵ هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی، نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی کرد و سوپاسی هەوڵەکانیانی کرد بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت.
ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی کرد.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سوودانی پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵ و هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەربڕی.
هەروەها لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر بەردەوامیی هەر هەوڵێک کە ببێتە مایەی گەشەکردنی نیشتمانی و خزمەتی بەرژەوەندیی گشتیی نیشتمانی بکات و ئامانجە هاوبەشەکان بۆ بەدیهێنانی پێشکەوتنی ئابووری گشتگیر دیار بکات و پاراستنی سامانی نیشتمانی و دابەشکردنی دادپەروەرانەی بۆ هەموو ڕۆڵەکانی گەلی کوردستان و عێراق لە سەرانسەری وڵاتدا مسۆگەر بکات.
شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، کاتژمێر 6:50 خولەکی بەیانی، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستی پێکردەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، ڕێککەوتوون لە قۆناغی یەکەمدا وەک دەستپێک، ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت، هەروەها هەردوولا لەسەر ئەوەش ڕێککەوتوون کە 50 هەزار بەرمیل نەوتیش بۆ پێویستیی ناوخۆی هەرێم بەکار بهێنرێت.