کنێستی ئیسرائیل تاوتوێی یاسایەک بۆ لەسێدارەدانی زیندانیانی فەڵەستینی دەکات

لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل بە سەرپەرشتی کنێست، ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی2025، گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاسایەک دەکات، ڕێگە بە لەسێدارەدانی زیندانیانی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل دەدات.
ئەو پڕۆژەیاسایە ناوی "یاسای سزای لەسێدارەدان بۆ تیرۆریستان"ی لێنراوە، لەسەر داوای گال هێرش، ڕێکخەری کاروباری زیندانیان و بێسەروشوێنەکان، بۆ ماوەی دوو هەفتە دواخرا. پێشتر ئەم پڕۆژەیاسایە، لەلایەن لیمۆر سۆن هار مێلێچ، ئەندامی پارتی ئۆتزما یەهودییەوە پێشنیازکرابوو، بە هۆکاری هاوشێوە ڕەتکرابووەوە.
لە ڕابردوودا، پڕۆژەیاساکە چەندان جار بە هۆی دژایەتی هاوپەیمانی "دەوڵەتی یاسا" و نیگەرانییەکان لەوەی دەتوانێت زیان بە هەوڵەکانی ئازادکردنی سەربازە ڕفێنراوەکان بگەیەنێت، ڕەتکرابووەوە.
ئیتمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد، پڕۆژەیاساکە پەسەند بکات و گوتی: "مەرجەکان ئاسان مەکەن، سەرەڕای ئەو هۆشدارییە زۆرانە، ئەمە وەکو ڕێگرییەک کاردەکات کە پشتڕاستی دەکاتەوە ئێمە تێکەڵاو نین".