کاراکردنەوەی سزاکان؛ ئێران ڕووبەڕووی قەیرانێکی نوێ دەبێتەوە

سەپاندنەوەی گەمارۆکان هەرچەندە بە مانای گەمارۆدانی تەواوەتی ئێران نییە، بەڵام بێگومان تێچووی ئاڵوگۆڕە دارایی و بازرگانییەکان بەرز دەکاتەوە

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی بەسەر ئێراندا کارا کردەوە و بە گوێرەی ماددەی 41ی بەندی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێران وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتیی و سەقامگیریی جیهانی دەناسرێتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، یەکشەممە، 28ـی ئەیلوول 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی بۆ سەر ئێران، کارا کردەوە. ئەم میکانیزمە، چالاککردنەوەی ئەو بڕیارنامانە دەگریتەوە کە پێشتر لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ سزادانی ئێران دەرکراون. لەوانە بڕیارنامەکانیی 1696، 1737 ی ساڵی 2006 و بڕیارنامەی 1747 ی ساڵی 2007 و هەردوو بڕیارنامەی 1803 و 1835 ی سالی 2008. 
ناوەرۆکی ئەو بڕیارنامانە بریتین لە سەپاندنی سزای ئابووری و بلۆککردنی سەروەت و سامانەکان و قەدەغەکردنی کڕین و گواستنەوەی تەکنۆلۆجیا و کەرەستە ئەتۆمییە هەستیارەکان؛ لە ئەگەری پابەندنەبوونی ئێران، سزاکان قورستر دەکرێن.

دواتر، لە 9ـی حوزەیرانی 2010، نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیارنامەی 1929 ی دژی ئێران دەرکرد، کە بەتوندترین بڕیارنامە لەقەڵەم دەدرێت کە  گەماروی کڕینی چەکی قورس و سنووردارکردنی توندی بانکی و دارایی و چاودێریی زیاتری بەسەر کەشیتوانیی ئێراندا لەخۆگرتبوو.

چی ڕوو دەدات؟

بە کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، لە ئەمڕۆوە هەموو ئەو کۆمپانیا و ڕێکخراو و کەسانەی کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ڕۆڵیان لە پرۆگرامی ئەتۆمی یان پەرەپێدانی مووشەکە بالیستیکەکانی ئێراندا هەیە، دەخرێنە لیستی گەمارۆکانەوە. گواستنەوەی کەرەستە و تەکنەلۆجیا و سەرچاوە داراییەکان بۆ ئەم پرۆگرامانە قەدەغە دەکرێت و سەروەت و سامانە پەیوەندیدارەکان لە دەرەوەی وڵات بلۆک دەکرێن.

سەرباری ئەوەش، فرۆشتن یان گواستنەوەی چەکە باوەکان بە ئێران قەدەغە دەکرێت. هاوردە و هەناردەکردنی ئەو شتانەی کە پەیوەندییان بە تەکنەلۆجیای ئەتۆمی یان مووشەکییەوە هەیە، دیسانەوە سنووردار دەکرێنەوە. هەروەها ئەو بەرپرس و شارەزایانەی کە لەم چالاکییانەدا بەشدارن، ڕووبەڕووی سنووردارکردنی گەشتکردن بۆ وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبنەوە.

بانک و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان ناچار دەکرێن کە هەر جۆرە دەستڕاگەیشتنێکی ئەگەریی ئێران بەو سەرچاوە داراییانەی کە دەکرێت بۆ ئەم پرۆگرامانە بەکاربهێنرێن، بلۆک بکەن. شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەم بڕیارە تێچووی گواستنەوەی دارایی، کەشتیوانی و بیمە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

پشکنینی ئەو کەشتییانەی لە ئێرانەوە دێن یان بۆ ئێران دەچن، بەشێکە لە میکانیزمی ئەو گەمارۆیانەی کە کارا کراونەتەوە. هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکدارە بە پێکهێنانی لیژنەی پسپۆڕ چاودێریی وردی جێبەجێکردنی ماددەکانی ئەم گەمارۆیانە بکات و داوای ڕوونکردنەوە لە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات و بە شێوەی خولی ڕاپۆرت بداتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئێران، لە کاردانەوەی بەرانبەر بە سەپاندنەوەی سزاکاندا، ڕایگەیاندووە کە تەسلیمی فشارەکان نابێت. بەرپرسانی ئێران چەندین جار کاریگەریی گەمارۆکانیان لەسەر ئابووریی وڵات کەم نرخاندووە، بەڵام شارەزایانی ئابووری بۆچوونێکی جیاوازیان هەیە. نیشانەی کاریگەربوونی ئابووریی ئێران لە گەمارۆکان، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بوو بۆ 114 هەزار تومەن چەند خولەکێک دوای ڕەتکردنەوەی بڕیارنامەی پێشنیازکراوی چین و ڕووسیا بۆ ڕاگرتنی گەڕانەوەی گەمارۆکان لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی 25ـی ئەیلوول.

سەپاندنەوەی گەمارۆکان هەرچەندە بە مانای گەمارۆدانی تەواوەتی ئێران نییە، بەڵام بێگومان تێچووی ئاڵوگۆڕە دارایی و بازرگانییەکان بەرز دەکاتەوە. ئەمەش لە کاتێکدا ڕوودەدات کە ئابووریی ئێران ڕووبەڕووی قەیرانی هەڵاوسانی بەرز، دابەزینی بەهای تومەن و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییە بەرفراوانەکان بووەتەوە.

 

 
Fly Erbil Advertisment