قالیباف: ئێران دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت

محەممەد قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، هەر هەنگاوێک بۆ دژایەتیی ئێران بنرێت، بە جددی بەرەنگاری دەبینەوە.
یەکشەممە، 28ـی ئەیلوول 2025، محەممەد قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە وتاری پێش دەستپێکی کۆبوونەوەی پەرلەمان، لە کاردانەوەیدا بەرانبەر کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، گوتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان بە نایاسایی دەزانێت، چونکە ڕووسیا و چین وەک دوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، بە ئاشکرا دژایەتیی خۆیان بەرانبەر بەم هەنگاوە ڕاگەیاند. هیچ وڵاتێک ناچار نییە پابەندی جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوە بێت.
قالیباف، گوتیشی: لەم ڕوانگەیەوە ئێران پابەندی ئەم بڕیارنامە نایاساییە نابێت و دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت و وەک هەمیشە لە مافی خۆمان بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بە یاسایی و لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوام دەبین.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە درێژەی وتارەکەیدا گوتی: وەک پێشتر ڕامانگەیاندووە، ئەم سزایانە بەراورد بە سزاکانی ئەمەریکا، زۆر کەمترن و کاریگەریی ئەوتۆیان نابێت. هەروا لەبەر نایاسایی بوونی بڕیارەکەو دژایەتییکردنی لەلایەن ڕووسیا و چینەوە، بە ئاسانی جێەجێ ناکرێت.
قالیباف جەختی کردەوە " ئێمە ڕادەگەیەنین، ئەگەر هەر وڵاتێک بیەوێت بەپێی ئەم بڕیارە نایاساییانە هەنگاوێک دژی ئێران بنێت، ڕووبەڕووی وەڵامی توند و جددی ئێران دەبێتەوە و ئەو سێ وڵاتە ئەوروپییەی کە دەستپێشخەری ئەم هەنگاوە نایاساییە بوون، کاردانەوەی ئێمە دەبینن."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هەروا گوتی: هەمووان بزانن ئێران هەموو ڕێگە دیپلۆماسییەکانی لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی نەتەوەییدا بۆ چارەسەرکردن و یەکلایی کردنەوەی ئەم بابەتە، گرتەبەر، کە ڕێککەوتنی قاهیرە یەکێک بوو لەو هەنگاوانە. داوا لە سکرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و وەزارەتی دەرەوە دەکەم کە وردەکاریی ئەو هەنگاوانە و بەڵێنشکێنی لایەنەکانی بەرانبەر، بۆ خەڵک ڕوون بکاتەوە.
قالیباف، جەختی کردەوە "سووربوون لەسەر بەدواداچوونی نایاسایی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، سەرەڕای نەرمینواندنی ئێران، چەند شتێکی سەلماند؛ یەکەم، بۆ ڕۆژئاواییەکان، دانوستان تەنها وشەیەکە بۆ فێڵ و فشارکردن بۆ چەکداماڵینی مووشەکیی ئێران."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، گوتیشی: خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە جارێکی تر دەرکەوت هۆکاری سەرەکی پاراستنی بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، تەنیا لە بەهێزیی ئێراندایە.
قالیباف دووپاتی کردەوە "دەرگای دیپلۆماسی وەک ڕێگایەک بۆ بەرگریی لە مافە نیشتمانییەکان هەرگیز لە سیستەمی حوکمڕانیی ئێراندا دانەخراوە و داناخرێت، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە بۆ هەموو چاودێرێکی بێلایەن ڕوون بووەوە کە دیپلۆماسی بەبێ بەهێزکردنی توخمەکانی هێز، تەنها ئامرازێکە بۆ فشار."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لەکۆتایی وتارەکەیدا ئاماژەی بە کێشە ئابوورییەکانی خەڵک کرد، بەتایبەتی گرانیی کاڵا سەرەکییەکان، کرێی خانوو و پچڕانی کارەبا و ئاو و جارێکی دیکە داوای لە حکوومەت کرد کە بە زووترین کات پلانی کارتی خۆراکی ئەلیکترۆنی جێبەجێ بکات.