وەزارەتی دەرەوەی ئێران: کاراکردنەوەی سەپاندنەوەی سزاکان ڕەت دەکەینەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەوڵی سێ وڵاتی ئەورووپی و ئەمەریکای بۆ کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەت دەکاتەوە.
یەکشەممە، 28ـی ئەیلوول 2025، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا، هەنگاوی وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئەمەریکای بە کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، بە نایاسایی و ناڕەوا ناساندووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتوووە "بڕیارنامەی 2231 و سنووردارکردنەکانی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکەی ئێران، دەبێت لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا (18ـی ئۆکتۆبەری 2025) بە کۆتاییهاتوو لەقەڵەم بدرێت. ئەو سێ وڵاتە ئەوروپییە، لە کاتێکدا بە هاندانی ئەمەریکا میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانیان کارا کردۆتەوە کە خۆیان بەهۆی جێبەجێنەکردنی بەردەوامی پابەندییەکانیانەوە، پێشێلکارییەکی زەقی ڕێککەوتنەکەیان کردووە و میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بۆ مەبەستی تر بەکارهێناوە."
هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی بڕیارنامە کۆتاییپێهاتووەکان، نەک تەنها لە ڕووی یاساییەوە بێبنەما و ناڕەوایە، بەڵکو لە ڕووی ئەخلاقی و لۆجیکیشەوە بە تەواوی ڕەت دەکرێتەوە. بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکەی ئێران، پێشتر لە بڕیارنامەی 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایش و پاشکۆکەیدا، واتە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بە شێوەیەکی گشتگیر چارەسەر کراوە و ماوەی 10 ساڵەی دیاریکراویشی دەبێت لە 18ی ئۆکتۆبەری 2025دا کۆتایی بێت.
سێ وڵاتە ئەوروپییەکە لە پرۆسەی بەدواداچوونی بابەتەکەشدا، پابەندی ناوەڕۆکی بڕیارنامەی 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایش نەبوون؛ بڕگەی 11ی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2231، جەخت لەوە دەکاتەوە "ئەنجوومەنی ئاسایش دەبێت ڕوانگەی وڵاتانی پەیوەندیدار لەبەرچاو بگرێت." بەداخەوە سەرەڕای هەڵوێستی ڕوونی ئەندامانی تری ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بەتایبەتی ئێران، چین و ڕووسیا، بە فشاری سێ وڵاتە ئەوروپییەکە و ئەمەریکا، سەرۆکی ئەنجوومەن بە شێوەیەکی نایاسایی پێشنووسی بڕیارنامەکەی خستە دەنگدانەوە.
هەروەک لە نامە هاوبەشەکەی وەزیرانی دەرەوەی چین، ئێران و ڕووسیا لە 28ی ئابی 2025دا جەختی لێ کراوەتەوە، ئەنجوومەنی ئاسایش ناتوانێت لەسەر بنەمای ئاگادارییە نادروستەکەی سێ وڵاتە ئەوروپییەکە هەنگاو بنێت. هەر هەنگاوێک کە دژی بڕیارنامەی 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایش بێت، ناتوانێت هیچ پابەندییەکی یاسایی بۆ وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دروست بکات.
لەسەر ئەم بنەمایە، کۆماری ئیسلامیی ئێران، بانگەشەی سێ وڵاتە ئەوروپییەکە و ئەمەریکا سەبارەت بە کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، کە بەپێی بڕیارنامەی 2231 لە ساڵی 2015دا کۆتاییان هاتووە، ڕەت دەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ پابەندییەک بۆ ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشەوە، دروست نابێت سەبارەت بە ناوەڕۆک و میکانیزمەکانی بڕیارنامە هەڵوەشاوەکان. هەروەها داوا دەکات هەموو وڵاتان خۆیان لە داننان بەم دۆخە نایاساییەدا کە دژی بڕیارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشە، بپارێزن. هەڵوێستی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم بارەیەوە لە نامەیەکی فەرمیدا لە 27ی سێپتێمبەری 2025 ئاراستەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەموو ڕێکارە بەردەستەکان بۆ دادگاییکردن و سزادانی تاوانباران و داواکردنی قەرەبوو بەکار دەهێنێت. لە دوو مانگی ڕابردوودا، ئێمە هەوڵێکی زۆرمان داوە بۆ ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەلایەن سێ وڵاتە ئەوروپییەکەوە.
لێکگەیشتنی قاهیرە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە 9ـی ئەیلوولدا بە پێشکەشکردنی پێشنیازی سوودبەخش و لۆجیکی لەم بوارە و بابەتەکانی تری پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بەشێک بوون لەم هەوڵانە کە بەهۆی بێباکی و زیادەڕۆیی سێ وڵاتە ئەوروپییەکە و ئەمەریکاوە، نەگەیشتنە ئەنجام.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بە جددی بەرگری لە ماف و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران دەکات و هەر جوڵەیەک بۆ زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی و مافەکانی گەلی ئێران، ڕووبەڕووی وەڵامی گونجاو و یەکلاکەرەوە دەبێتەوە.