بڕیاری لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیریی خاوەن پێداویستی تایبەت چووە بواری جێبەجێكردنەوە

ئەمڕۆ یەکسەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیارەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە نەگەڕاندنەوەی پێشینەی هاوسەرگیری بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەم توێژە گرنگەی کۆمەڵگە لێی سوودمەند دەبن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لە ساڵی 2013دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابوو بڕی 5 ملیۆن دینار وەک پێشینەی هاوسەرگیری بۆ خاوەنپێداویستییانی تایبەت خەرج بکات. وەک هەنگاوێکی دیکە بۆ هاوکاریی دارایی ئەم توێژە، ئەمساڵ بڕیاردرا لە گەڕاندنەوەی ئەم پێشینەیە خۆش بێت.
کەریم مەحموود، یەکێک لەو سوودمەندانەیە و لەوبارەیەوە دەڵێت: "لە ساڵی 2013، ئێمە لەڕووی داراییەوە بۆ هاوسەرگیری کێشەمان هەبوو، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە خەرجکردنی پێشینەی هاوسەرگیری بۆ خاوەنپێداویستییانی تایبەت، پاڵپشتییەکی زۆری کردین." گوتیشی: "لە ئێستادا کە کابینەی نۆیەم لەو پێشینەیە خۆش دەبێ، ئەمەش یارمەتییەکی زۆر باشە و جێگەی پێزانینە."
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە گرنگیی زۆر بە شێوەژیانی خاوەن پێداویستی تایبەت بدات و لە ڕێگەی ئاسانکارییە جۆراوجۆرەکانەوە، ئاوێزانی کۆمەڵگەیان بکاتەوە و ژیانی ئاسایی خۆیان بەڕێ بکەن.