یەکێتیی ئەورووپا: سەرجەم سزاکانی سەر ئێران بەبێ دواکەوتن جێبەجێ دەکرێن

کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، گوتی: یەکێتیی ئەورووپا ڕێکارەکانی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران بەبێ دواکەوتن جێبەجێ دەکات.
یەکشەممە، 28ـی ئەیلوول 2025، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند "یەکێتیی ئەورووپا سەرجەم ڕێکارەکانی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران، بەبێ دواکەوتن جێبەجێ دەکات. بەڵام ئەمە نابێت بە مانای کۆتایی دیپلۆماسیی ئێرانی لە دۆسییەی ئەتۆمیدا، لە قەڵەم بدرێت؛ چونکە ئەم بابەتە ئاڵنگارییەکی سەرەکیی ئاسایشی ناوچەکە و جیهانە."
کالاس، جەختی لەوە کردەوە "تاکە ڕێگەچارەی گونجاو بۆ دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران، دانوستان و کاری دیپلۆماسییە."
ئەو داوای لە تاران کرد، بەبێ دواکەوتن هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بە تەواوەتی دەست پێ بکاتەوە.