تاڵیبان هاووڵاتییەکی ئەمەریکی ئازاد کرد

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، تاڵیبان هاووڵاتییەکی دیکەی ئەمەریکی بە ڕەگەز ئەفغانی لە زیندان ئازاد کردووە، ئەمەش دوای سەردانێکی ئادەم بۆیلەر، نێردەی تایبەتی واشنتن بۆ کاروباری بارمتەکان، بۆ ئەفغانستان.

دووشەممە، 29ـی ئەیلوول 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، ئەمیر ئەمیری، هاووڵاتییەکی ئەمەریکی بە ڕەگەز ئەفغان، کە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024ەوە لە ئەفغانستان دەست بەسەر بوو، دوێنێ بە نێوەندگیریی قەتەر ئازاد کرا.

لە وێنەیەکدا کە لەلایەن دیپلۆماتکارێکی قەتەرییەوە بڵاو کراوەتەوە، ئەمیر ئەمیری لەناو فڕۆکەیەکدا دەرکەوتووە لەگەڵ ئادەم بۆیلەر، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری بارمتەکان، سیباستیان گۆرکا، جێگری یاریدەدەری سەرۆکی ئەمەریکا و بەڕێوەبەری باڵای دژە تیرۆر، و دیپلۆماتکارێکی قەتەری.

سەردانەکەی بۆیلەر بۆ ئەفغانستان، هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، داوای لە تاڵیبان کردبوو کۆنترۆڵی بنکەی ئاسمانی باگرام ڕادەستی ویلایەتە یەکگرتووەکان بکەنەوە و هەڕەشەی ئەوەی کردبوو  "ڕووداوی خراپ" بەسەر ئەفغانستاندا دێت ئەگەر ئەم کارە نەکەن.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەمیری، پێنجەمین هاووڵاتی ئەمەریکییە ئەمساڵ بە نێوەندگیریی قەتەر لە لایەن تاڵیبانەوە ئازاد دەکرێت، لەگەڵ ژن و مێردێکی بەریتانی کە بۆ ماوەی هەشت مانگ لە ئەفغانستان دەستبەسەر بوون.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئازادکردنی ئەمیر ئەمیری، پشتڕاست کردەوە و نووسیویەتی "دەمەوێت سوپاسی قەتەر بکەم بەرانبەر بە هاوکارییان بۆ ئازادکردنی ئەمیری، ئێمە ناوەستین تاوەکو هەموو ئەو ئەمەریکیانەی کە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە لە دەرەوەی وڵات دەستبەسەرکراون، دەگەڕێنەوە نیشتمان."

 
 
Fly Erbil Advertisment