عێراق سەرژمێری دانیشتوان دوادەخات
لە ساڵی 1987 سەرژمێرییەكی گشتگیر لە عێراقدا نەكراوە

K24 – ھەولێر:
وەزیری پلاندانان، خالد بەتال ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند، سەرژمێری دانیشتوان بە ھۆی رێوشوێنی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی وڵات دواخرا.
لە راگەیاندراوێكی رۆژنامەوانیدا بەتال گوتی: ھەموو گرنگی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان دەزانن، كە یەكێكە لە پێداویستییە سەرەكییەكانی رەوشی ئێستامان، چونكە بنكەیەكی فراوانی گشتی و تەواو لە سەر واقعی ژیان لە رووی بژێوی و پەروەردە و تەندرووستی و ژینگەی دانیشتوانی دەستەبەر دەكەن.
بەتال جەختیكردەوە، "لەسەر گرنگی گەیشتن بە داتای راستەقینە بۆ جێبەجێكردنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی، لەناوبردنی گەندەڵی ئیداری و دارایی، راستكردنەوەی رێڕەوی ئابووری وڵات و باشكردنی گوزەرانی تاكەكانی و نەوهكانی داھاتووی".
بڕیار بوو عێراق لە چەند مانگی داھاتوودا، سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجامبدات، كە لە ساڵی 1987 سەرژمێرییەكی گشتگیر لە عێراقدا نەكراوە و ئەو سەرژمێریەش، كە لە ساڵی 1997 ئەنجامدرا ھەرێمی كوردستانی نەگرتبووە.