زیادکردنی مەودای مووشەکەکان، کارتی فشاری نوێی ئێران بەرانبەر ڕۆژئاوا

فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران ڕایگەیاند، مەودای مووشەکەکانی ئێران بۆ هەر خاڵێک کە بە پێویست بزانرێت، زیاد دەکرێت. ئەمەش وەڵامدانەوەیەکە بەرانبەر بە داواکارییەکانی ڕۆژئاوا بۆ سنووردارکردنی مەودای مووشەکەکانی تاران.

چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەم 2025، ئاژانسی هەواڵی فارس، لە زاری محەممەد جەعفەر ئەسەدی، جێگری پشکنەری بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، بڵاوی کردەوە "هێز و توانای مووشەکەکانمان  لە جەنگی 12 ڕۆژەدا دەرکەوتن؛ ئێمە بە هەڵدانی سەدان مووشەک بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، وەڵامی دەستدرێژییەکانی ئەوانمان بە توندی دایەوە."

ئەسەدی گوتیشی: ئێستا مووشەکەکانمان دەتوانن بگەنە هەر خاڵێک کە پێویست بکات پێی بگەن!

مووشەکەکانی ئێران، مەودایەکی دیاریکراویان هەیە کە بریتییە لە دوو هەزار کیلۆمەتر. بەرپرسانی ئێران پێشتر دەیانگوت ئەو مەودایە بۆ بەرگریی لە سنوورەکانی وڵات و بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژکاران، بەسە. بەڵام لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژەدا، ئێران، مووشەکەکانی لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە بەرەو ئیسرائیل هەڵدەدا، ئەو مەودایەش لە دوو هەزار کیلۆمەتر زیاترە، ئەمەش بووەتە مایەی نیگەرانیی وڵاتانی ڕۆژئاوا.

داواکارییەکانی ئەمەریکا و هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپا بۆ سنووردارکردنی توانا و مەودای مووشەکە ئێرانییەکان، یەکێکە لەو پرسانەی بووەتە ڕێگر لە بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی. 

وڵاتانی ڕۆژئاوا، ترسیان لەوە هەیە ئێران لە داهاتوودا بتوانێت مووشەکی بالیستیی دوورمەودا بە کڵاوەی ئەتۆمییەوە دروست بکات. 

ئێران، هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا ڕەت دەکاتەوە و دووپاتی دەکاتەوە هەرگیز بەدوای وەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمەوە نییە و مووشەکەکانیشی تەنیا بۆ بەرگریی لە خۆی بەکار دەهێنێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment