مەهەپە داوا لە تورکیا دەکات بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش پابەندی بڕیاری دادگای مافی  مرۆڤ بێت

سەڵاحەددین دەمیرتاش
سەڵاحەددین دەمیرتاش

مەهەپە داوا لە دەسەڵاتی تورکیا دەکات، بۆ ئازادکردنی سەڵاحەددین دەمیرتاش، پابەندی بڕیاری دادگای مافی  مرۆڤ بێت.

ڕۆژی 9ـی تەممووزی 2025، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، دەستگیرکردنی سەڵاحەددین دەمیرتاشی  بە نایاسایی وەسفکرد و داوای ئازادکردنی کرد، دادگاکە مۆڵەتی سێ مانگی بە تورکیا دا بۆ ئەوەی تانە لە بڕیارەکە بدات.

ڕۆژی 8ـی تشرینی یەکەم وادەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بۆ دەسەڵاتی تورکیای دیاریی کردبوو، کۆتایی دێت، لەم بارەیەوە فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە و پەرلەمانتاری ئیستانبوڵ سەبارەت بە ئازادکردنی دەمیرتاش ڕایگەیاند: بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەدەستووری توکیاوە هەیە و لەماددەی(90)ـی دەستووردا هاتووە کە دەبێت، پابەند بن بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان کە بەپێی ڕێکارەکان پەسەندکراون، بۆیە بێگومان دەبێت هەندێک شت لەو بارەیەوە بکرێت.

لە 4ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2016، سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاسەرۆکانی پێشووی هەدەپە بە تۆمەتی تێوەگلانییان لە دۆسییەی کۆبانێ دەستگیر کران. 

دۆسیەی کۆبانێ دوای ئەوەی دەستیپێکرد، کاتێک لە تشرینی یەکەمی 2014دا  لە باکووری کوردستان خۆپیشاندانی فراوان بۆ پشتیوانی لە شاری کۆبانێ بەڕێوەچوون و توندوتیژی لێ کەوتەوە، لەسەر دۆسییەکە سەڵلاحەددین دەمیرتاش بە 42 ساڵ زیندانیکردن سزادرا و  فیگەن یوکسەکداغ 32 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا. 

هەرچەندە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سێ جار داوای ئازادکردنی سەڵلاحەددین دەمیرتاشی کردووە، بەڵام بڕیارەکە تا ئێستا جێبەجێنەکراوە و چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و دامەزراندنی کۆمیسۆنی پەرلەمانی بۆ بەروە پێش بردنی پرۆسەکە، بەشێک لە زیاندانییە سیاسییەکان ئازاد بکرێن، کە لەنێوییاندا سەڵلاحەددین دەمیرتاش لەخۆ دەگرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment