ئیسرائیل دەستی بەسەر کۆتا کەشتی گەیاندنی هاوکاری بۆ غەززە دا گرت

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، دەستی بەسەر کۆتا کەشتی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی داگرتووە کە بەرەو کەرتی غەززە لە ڕێگەدا بووە، ئاشکراشی کردووە، چالاکان و سەرنشینەکانی کەشتییەکەی بەرەو بەندەری ئەشدودی ئیسرائیل گواستووەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، سوپای ئیسرائیل دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەستبەسەر داگرتنی کەشتییەکی دیکەی هەڵمەتی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەناوی " کەشتیگەلی خۆڕاگری"، ڕایگەیاندووە، توانیویانە دەست بە 42 کەشی هەڵمەتەکەدا بگرن و ڕێگریان کردووە لەوەی کەشتیگەلی خۆڕاگری سەرکەوتوو بن لە شکاندنی گەمارۆکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
هەروەها وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوای دەستەبەسەرداگرتنی دواهەمین کەشتی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە، چوار چالاکوانی مەدەنی ئیتاڵییان دیپۆرتی وڵاتەکەیان کردووەتەوە؛ جەختیشی کردەوە، کە هەوڵدەدەن هەرچی زووە سەرجەم چالاکوانە بیانییەکانی بەشداری هەڵمەتەکە بوون، دیپۆرتی وڵاتەکانیان بکەنەوە کە سەرجەمیان تەندروستیان باشە و کەشتییەکانیش هەر هەموویان ڕاگیراون.
"کەشتیگەلی خۆڕاگری" کۆتایی مانگی ڕابردوو بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی لە خۆراک و پێداویستی تەندروستی کەناراوەکانی ئەورووپایان و بەرەو غەززە بەجێهێشت، بەڵام سوپای ئیسرائیل هۆشداری پێدابوون لەوەی کە ناتوانن گەمارۆکان بشکێنن و ڕێگەی گەیشتنی هاوکارییەکان نادات.
دوێنێ پێنجشەممە، 2ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزیری بەرگری سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدابوو، کە دەستیان بەسەر سەرجەم کەشتییە هاوکارییەکانی هەڵمەتی کەشتیگەلی خۆڕاگری دا گرتووە، تەنیا یەک دانەیان ماوەتەوە، ئەگەر نزیک بێتەوە دەستیبەسەردا دەگرن.