پرۆسەی تۆمارکردنی مووچەخۆرانی سلێمانی لە هەژماری من لە فراوانبووندایە

تیمی پرۆژەی هەژماری من ئاشکرای کرد، ڕێژەی تۆمارکردنی فەرمانبەران لە هەژماری من لە پارێزگای سلێمانی، بەرەو کۆتایی دەچێت.
هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، تیمی پرۆژەی هەژماری من، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕێژەی تۆمارکردنی فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی لە پرۆژەکە ئاشکرا کرد.
تیمی پرۆژەکە ڕایگەیاند: نزیکەی 90%ـی فەرمانبەرانی مەدەنی لە پارێزگای سلێمانی، خۆیان لە هەژماری من تۆمار کردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێژەی تۆمارکردنی فەرمانبەرانی پارێزگاکە لە پرۆژەکە، بەرەو کۆتایی دەچێت، هەر فەرمانبەرێک تا ئێستا خۆی تۆمار نەکردووە، با پەیوەندیی با ژمارە 1991ـەوە بکات.

چوارشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، پرۆژەی هەژماری من، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ئاسانتر و خەرجکردنیشی خێراتر کردووە، ڕوونی و شەفافییەت لە دابینکردنی مووچەی حکوومەتیشدا زیاتر بووە.
لە بارەی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی داهاتوو، مەسرور بارزانی ئاشکرای کردبوو، حکوومەت تا کۆتاییی ساڵی 2028، خزمەتگوزاریی بانکی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بۆ زیاتر لە 50% بەرز دەکاتەوە.
سێشەممە 30ـی ئەیلوولی 2025، تیمی پرۆژەی هەژماری من تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، تا ئێستا زیاتر لە 900 هەزار مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان لە پرۆژەکەدا تۆمار کراون، بۆ ئەم مانگەش 501 هەزار و 500 کەسیان لە ڕێگەی هەژماری منەوە مووچەی مانگی حەوت وەردەگرن.
هەر بە پێی زانیارییەکانی تیمی پرۆژەکە، تا ئێستا زیاتر لە 580 هەزار کارتی بانکی دابەش کراون، هەروەها زیاتر لە 580 ئامێری پارەڕاکێشان (ATM)، لە 200 شوێنی جیاواز لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دانراون.
ڕاگەیاندنی پرۆژەی هەژماری من
لە شوباتی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی (هەژماری من)ی ڕاگەیاند وەک بەشێک لە دیدگا و ستراتیژی هەرێمی کوردستان بۆ فراوانکردنی گشتگیری دارایی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەی نەختینە (کاش).
ئەم پڕۆژەیە هەوڵێکی گەورەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەدیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەی کاش، بە ئاراستەی گەشەپێدانی خزمەتگوزاری گشتیی مۆدێرن.
هەروەها ئەم پرۆژەیە دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەردەمییەکانی بانک دەگات و دەبنە خاوەن ئازادی زیاتری تاکە کەسی.