ترەمپ: یەکشەممە بۆ حەماس دوا دەرفەتە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداری دەداتە چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس و دەڵێت: شەوی یەکشەممە دوا دەرفەت و مۆڵەتە بۆ ئەوەی وەڵامی پێشنیازی ڕاگرتنی شەڕ و چەکدانان بدەنەوە، ئەگەرنا دەرگای دۆزەخ بەڕوویاندا دەکەینەوە. لە بەرانبەردا حەماس تاوەکوو ئێستا نەیتوانیوە خۆی یەکلا بکاتەوە و داوای کاتی زیاتر بۆ بڕیاردان دەکات.
ترەمپ ئەمڕۆ هەینی، 3ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیەل پەیامێکی لە بارەی نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی جێبەجێکردنی پرۆژە پێشنیازە 20 خاڵییەکەی بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی: ڕێکبکەون، ئەگەر نا دەرگای دۆزەخ بەڕووی حەماس دەکرێتەوە.
هەر لە پەیامەکەیدا، ترەمپ هەڕەشەی لە حەماس کردووە، ئەگەر تا یەکشەممە وەڵامی پێشنیازەکە نەداتەوە و لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر پلانە 20 خاڵییەکە ڕێکنەکەوێت، چارەنووسێکی خراپ چاوەڕێی چەکدارانی حەماس و سەرکردەکانیان دەکات،
هەر لەمبارەوە سەرچاوەیەکی نزیک لە بزووتنەوەی حەماس ئاشکرای کردووە، حەماس بۆ پێداچوونەوە بە پلانە 20 خاڵییەکە داوای کاتی زیاتری لە ئەمەریکا کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، دانیشتووانی غەززە داوایان لە حەماس کردووە پێشنیازەکە قبووڵ بکات، بۆ ئەوەی شەڕ کۆتایی بێت و ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل پارێزراوبێت و چیتر نەکرێنە قوربانی.
ڕۆژی دووشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ پلانێکی 20 خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە پێشنیاز کرد، کە دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕ، ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و دیلەکان و چەکدانانی حەماس بەشێکن لە پلانە 20 خاڵییەکە، هەر لە ناوەرۆکی پێشنیازەکەدا جەخت لە غەززەیەکی بێ چەک و حەماس کراوەتەوە.
ترەمپ پێشتر لە رۆژی سێشەممە. 30ـی ئەیلوولی 2025 ڕایگەیاندبوو ، حەماس چوار ڕۆژ مۆڵەتی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی پلانە 20 خاڵییەکە، ئیسرائیل هەرزوو پێشنیازەکەی قبوڵکرد و وڵاتانی نێوەندگیر و یەکێتی ئەورووپا پێشوازییان لە پێشنیازەکە کردووە.
چەکدارانی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 لە چەند لایەکەوە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە 250 کەسیان بە بارمتە ڕفاند، بەهۆیەوە شەڕێکی خوێناوی و وێرانکاریی بەرۆکی خەڵکی غەززەی گرتەوە و حەوتی ئەم مانگە دەبێتە دوو ساڵ لە هەڵگیرسانی شەڕی حەماس و سوپای ئیسرائیل، بە گوێرەی ئامارەکان تاوەکوو ئێستا 66 هەزار و 288 کەس کوژراون و نزیکەی 170 هەزار کەسی دیکەیش بریندارن.