ناتانیاهۆ: ئامادەکاری دەکەین بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی یەکەمی پلانی ترەمپ سەبارەت بە غەززە

وێنەی ئەرشیفی، دۆناڵد ترەمپ و ناتانیاهۆ
وێنەی ئەرشیفی، دۆناڵد ترەمپ و ناتانیاهۆ

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ شەممە، 4ـی ئۆکتۆبەری 2025 ڕایگەیاند، ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی "دەستبەجێ قۆناغی یەکەمی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ غەززە، جێبەجێ بکات"، کە تێیدا داوای ئازادکردنی دەستبەجێی دیلەکان دەکات.

لە ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ناتانیاهۆدا هاتووە؛ "لەسەر بنەمای وەڵامەکەی حەماس، ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی دەستبەجێ قۆناغی یەکەمی پلانی ترەمپ جێبەجێ بکات، کە داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم دیلەکان دەکات."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن بە هاوکاریی تەواو لەگەڵ ترەمپ و تیمەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بەپێی ئەو بنەمایانەی ئیسرائیل دایانناوە."
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە "ئەو بنەمایانەی ئیسرائیل دایانناوە لەگەڵ دیدگای سەرۆک ترەمپدا یەکدەگرێتەوە."

ترەمپ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ئیسرائیل دەبێت دەستبەجێ بۆردومانەکانی بۆ سەر غەززە ڕابگرێت. ترەمپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروت سۆشیال" گوتی: "بە پشتبەستن بەو بەیاننامەیەی کە تازە لەلایەن حەماسەوە بڵاوکراوەتەوە، پێموایە ئەوان ئامادەن بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی."

ڕوونیشی کردەوە: "لە گفتوگۆداین سەبارەت بەو وردەکاریانەی کە پێویستە پەیوەندییان پێوە بکرێت سەبارەت بە پلانی غەززە."

ترەمپ ئاماژەی بەوەدا "ئەمە تەنیا پەیوەندی بە غەززە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو ئاشتییە هەیە کە لەمێژە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدوایدا دەگەڕێت."

هەروەها ترەمپ ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە گرتە ڤیدیۆییەکدا، ستایشی هاوپەیمانانی کرد کە کاریان کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بارمتانەی لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 ڕفێندرابوون.

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ترەمپ دەڵێت: "ئەمە ڕۆژێکی گەورەیە، دەبینین چۆن کۆتایی دێت، دەبێت وشەی کۆتایی بە شێوەیەکی کۆنکرێتی بنووسین."

ترەمپ هیوای خواست بارمتەکان، لەوانە ئەوانەی کوژراون، بگەڕێندرێنەوە بۆ خێزانەکانیان.

لە کۆتایی گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەڵێت: "زۆر نزیکین لە گەیشتن بە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەموو کەسێک مامەڵەی دادپەروەرانەی لەگەڵ دەکرێت."

حەماس ئێوارەی دوێنێ هەینی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بزووتنەوەکە "ڕاوێژی قووڵیان لە چوارچێوەی دامەزراوە سەرکردایەتییەکانیدا ئەنجامداوە، هەروەها ڕاوێژی فراوانیان لەگەڵ هێز و کوتلە فەڵەستینییەکان و هەروەها لەگەڵ ناوبژیوانان و دۆستان" کردووە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە حەماس "هەوڵە عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتییەکان بەرز دەنرخێنێت، لەوانەش هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کە ئامانج لێی وەستاندنی شەڕی کەرتی غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەکان و ڕێگەدان بە چوونە ناوەوەی دەستبەجێی هاوکارییەکان و ڕەتکردنەوەی داگیرکردنی کەرتی غەززە یان ئاوارەبوونی دانیشتووانەکەی."

بزووتنەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ڕێککەوتنی خۆی بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان بە زیندوو و مردووەکان ڕادەگەیەنێت، بەپێی ئەو خاڵانە و ئاڵوگۆڕەی لە پێشنیازەکەدا هاتووە، بە مەرجێک مەرجی مەیدانی پێویست بۆ پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنەکە دابین بکرێت"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئامادەیی خۆی بۆ چوونە ناو دانوستانەکان لە ڕێگەی نێوەندگرانەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکان.

هەروەها حەماس ڕێککەوتنەکەی نوێکردەوە بۆ "ڕادەستکردنی ئیدارەی کەرتی غەززە بە دەستەیەکی فەڵەستینی سەربەخۆکان (تەکنۆکراتەکان) لەسەر بنەمای کۆدەنگی نیشتمانی فەڵەستین و پشتیوانی عەرەبی و ئیسلامی."

بەگوێرەی ئەو بەیاننامەیە، "بابەتەکانی دیکەی پەیوەست بە ئایندەی کەرتی و مافەکانی گەلی فەڵەستین پەیوەستن بە هەڵوێستێکی نەتەوەیی گشتگیرەوە کە لەسەر بنەمای یاسا و بڕیارنامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دامەزراون و لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیی فەڵەستینیدا تاوتوێ دەکرێن کە بزووتنەوەکە تێیدا بەشدارە."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment