هەسەدە هێزی سەربازیی دەنێرێتە دێرحافر

ئێوارەی ڕۆژی هەینی، هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' ژمارەیەکی زۆر چەکدار و زرێپۆش و کەرەستەی سەربازییان لە دێرەزوور و حەسەکەوە گواستەوە بۆ ناوچەی دێرحافر لە لادێکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە حەلەب و لادێکانی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
هێزەکانی حکوومەتی سووریا ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە ڕێگای سەرەکی دێرحافر – حەلەبیان داخستووە. هاوکات لە شاری حەلەبیش، حکوومەت ڕێگا لاوەکییەکانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی داخستووە کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان. ئۆتۆمبێل و بولدۆزەرەکانی حکوومەت دەستیان بە لابردنی بەربەستە زەمینییەکانی نێوان ناوچەکانی هەردوولاش کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا کە بڕیاربوو لە دیمەشق و بە نێوەندگیری ئەمەریکا بەڕێوەبچێت، شکستی هێنا. سەرچاوەیەکی نزیک لە هەسەدە ئاشکرای کرد حکوومەتی سوریا ڕەتیکردووەتەوە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەسەدە ئەنجام بدات.
هەسەدە کۆنتڕۆڵی بەنداوی ستراتیجی تشرین و چەند گوند و ناوچەیەکی دیکەی لادێکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەبیان لە دەستدایە، کە زۆرجار ڕووبەڕووی تۆپباران و پێکدادان دەبنەوە.